راهێنەری یانەیەک لەسەر سكاڵای چەند کچە یاریزانێکی دەستگیرکرا


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن چەند کچە یاریزانێکەوە لەسەر تۆمەتبارێک و دوای لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست، هێزەکانیان  توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن چەند کچە یاریزانێکەوە لەسەر تۆمەتبارێک و دوای لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر ،  هێزەکانی سەربەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن".

ئەوەش هاتووە، "لەئێستادا تۆمەتبار ( س، ح، ر) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 396 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".

هەرچەندە پۆلیسی سلێمانی رونکردنەوەی زیاتری لەسەر ئەو پرسە نەداوە، بەڵام ماددەی 396 لەیاسای سزادانی عێراق تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی تۆمەتباردەکرێن بەوەی بەزەبری هێز یان هەڕەشەکردن هەستاون بە دەستدرێژکردنەسەر کەسێکی دیکە (کوڕبێت یان کچ) و سزاکەی لەنێوان 7 بۆ 10 ساڵدا دەبێت، ئەگەر تاوانەکەی لەسەر ساغ بکرێتەوە. 

رێوشوێنەکانی پۆلیسی سلێمانی لەکاتێکدایە، 18ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئاوات شێخ جەناب، سەرۆکی یانەی سیروانی نوێ بە نوسراوێکی فەرمی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر ستاف و یاریزانانی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی کچانی یانەکەی پێکهێنا.

لەبڕیارەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو، بە بڕیاری سەرۆکی یانەی وەرزشی سیروانی نوێ، تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەکە بە هۆی ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لە بارەیانەوە بڵاوکراوەتەوە سڕکران.


PM:08:43:24/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 4496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت