وەرگێڕێکی ئەمریکی کە لە هەرێمی کوردستان کاری دەکرد بە تۆمەتی ناپاکی سزادرا

‌وێنەکە خوازراو و وەرگیراوە

وێستگە نیوز-

رۆژی چوارشەممە وەرگێڕێکی هێزەکانی ئەمریکا کە پێشتر لە هەولێر کاریکردووە، بە 23 ساڵ بەندکردن سزادرا.

 
مەریەم تۆمپسن، تەمەنی 62 ساڵە، دانی بەوەدا ناوە، کە ناوی ژمارەیەک کەسی بە حیزبوڵڵای لوبنانی داوە کە زانیاریان بۆ سوپای ئەمریکا گواستووەتەوە.
 
وەرگێڕەکە ناوی سەرچاوە نهێنییەکانی کۆکردووەتەوە و داویەتییە کەسێکی لوبنانی، کە ئەویش گواستوویەتەوە بۆ حیزبوڵڵا، لە کاتێکدا کە ئەمریکا ئەو گرووپە چەکدارە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنێت.
 
جۆن دیمێرز، بەڕێوەبەری یەکەی ئاسایشی نیشتمانی لە وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت، سزاکەی مەریەم، "رەنگدانەوەی رادەی ترسناکیی پێشێلکاریەکەیەتی دژی خەڵکی ئەمریکا و دژی ئەو سەرچاوە مرۆییانەی کە خستوونییەتە مەترسییەوە، هەروەها دژی ئەو سەربازانەی کە وەکو هاوڕێ و هاوکار لەگەڵیدا کاریان کردووە".
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگە، مەریەم تۆمپسن ساڵی 2017 وەکو وەرگێڕ لە بنکەیەکی سەربازی کاری کردووە و لەو کاتەدا لە رێگەی بەرنامەیەکی پەیوەندیی ڤیدیۆیی لەسەر مۆبایل، پەیوەندیی لەگەڵ کەسێک دروستکردووە، ئەو کەسە خۆی گوتوویەتی، کە سەر بە حیزبولڵای لوبنانی بووە.
 
وەزارەتی داد دەڵێت، "بە تێپەڕبوونی کات، مەریەم ئارەزوویەکی سۆزداری لەگەڵ ئەو کەسە دروستکردووە".
 
کانوونی یەکەمی 2019، مەریەم گوێزرایەوە هەولێر بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزێکی تایبەتی ئەمریکیدا وەکو وەرگێڕ کاربکات. لەو کاتەدا ئەو هێزە ئەمریکییە دەستی بە هێرشە ئاسمانییەکانی کرد بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، کە لە 3ی کانوونی دووەمی 2020دا لە یەکێکیاندا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەو کاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا.
 
ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، پیاوە لوبنانییەکە داوای لە مەریەم کردبوو کە ناوی ئەو کەسانەی پێبدات لە کوشتنی سولەیمانیدا زانیارییان بە ئەمریکیەکان داوە.
 
مەریەم داتای ژمارەیەک کەسی پێداوە، کە زانیارییان بە ئەمریکا داوە. ئەو داتایانە ناوی تەواوی لانیکەم هەشت کەس لەگەڵ زانیاری لەبارەی تەکتیکەکانی سوپای ئەمریکایان تێدابووە.
 

مانگێک دوای ئەوە، مەریەم لە کۆتایی شوباتی 2020دا لە لایەن بەرپرسانی فیدراڵی ئەمریکییەوە دەستگیرکرا.


PM:07:15:24/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 4448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو