عەتا سەراوی: بە زنجیرەوتارێك شێوازی ئایندەی کاری سیاسی خۆم ڕون و دیاری دەکەم

‌‌عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

وێستگەنیوز-

عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، لەرێگەی زنجیرەیەک وتارەوە مێژوی خۆی و 41 ساڵی "خەبات و تێکۆشانی" بڵاودەکاتەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش  شێوازی ئایندەی کاری سیاسی خۆی  ڕون و دیاری دەکات.

عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک نوسیویەتی، "دوای ساڵانێکی زۆری بەرخۆدان و خەباتی بێوچانی پێشمەرگانە، تێکۆشان لەبواری جۆراوجۆری خەباتگێڕی و کوردایەتیی بەشدار و ئاگادار لەزۆر رووداوی سیاسی، کەوتن و ھەڵسانەوەی نزیک لەچوار دەیەی خەباتی سەختی پڕ لەململانێیی قورسی ئاڵۆزیی پڕ لەنھێنی و روبەڕوبونەوەی چەندین پلانی تاقەتپڕوکێنی دور لەبەھای مرۆڤایەتی و کارەساتی دڵتەزێنی خوێناویی و ئازار و خەم و سپڵەیی و بێوەفایی و خیانەتی ھاوڕێ و ھاوسەنگەر ، دوڕویی و بێ شەرمی و بێ بەڵێنی و کەڵەکەبونی ئازار و خەمەکان و چاوەڕوانیی کۆکردنەوەی سەدان بەڵگە و نھێنی و زانیاری مەترسیدار و گیانبازی لەگەڵ مەرگ، تێپەڕبون و بڕینی پلەکانی پێشمەرگایەتیی و حزبی، تێکەڵبون و ناسینی زۆربەی سەرکردەسیاسییەکانی کوردستانی گەورە و باشور بەئاگا و ھەندێجار بەشدار لەپەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی کوردستان و حکومەتەکانی داگیرکەری ھەرچوارپارچەی کوردستان، روبەڕوبونەوەی چەندین تۆمەت و پلانی لەکەدارکردن و کوشتن، دوای 41 ساڵ خوێنڕشتن و برینداربون و دەیان شەھید، لەمڕۆ بەدوا بەپێی کات و زۆر بەھێمنی و لەسەرخۆ بەچەند زنجیرە وتارێکی پاڵپشت بەبەڵگەی بەردەست زۆر بەچڕیی و لەھەمانکات بەکورتی پانۆرامای 41 ساڵی خەبات و تێکۆشان بڵاودەکەمەوە".
بۆ ئەوەیە بتوانم سودێک بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی رێگای سەربەخۆیی گەل و نیشتمان بگەیەنم".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی باس لەشێوازی ئایندەی کاری سیاسیی خۆی دەکات و نوسیویەتی، "بۆ ئەوەی بتوانم سودێک بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی رێگای سەربەخۆیی گەل و نیشتمان بگەیەنم و تێکۆشەران و جیلی نوێی گۆڕەپانی سیاسەت و تێکۆشان سودی لێ ببینن و بەندەش بتوانم بەرپرسانە و دور لەھەڵچون و لایەنگریی، روداوەکان بگێڕمەوە و ویژدانی خۆم ئاسودەبکەم و کەمێک باری قورسی سەرشان و دڵم سوک بکەم، تا بە ویژدانێکی ئاسودەوە دوا بڕیار و شێوازی کار و ئایندەی سیاسیم دیاریی بکەم".

31ی مانگی رابردوش عەتا سەراوی لەچاوپێککەوتنێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی نامەیەکی لەبارەی خراپی دۆخی خەڵکی کوردستان، پێشمەرگە و کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاڕاستەی هاوسەرۆکانی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی کردوە و داوایکردوە پێویستە یەکێتی لەسەر پرسی موچە، لامەرکەزی، دۆسیەی یەکخستنی پێشمەرگە و نەوت بڕیاری یەکلاییکەوە بدات، لەسەر نامەکە " هەڕەشەم لێکراوە و من پێشووتریش وتوومە ئەگەر بڕیاری یەکلاییەکەرەوە بۆ چارەسەری کێشەکان نەدرێت، هەموو شتێک ئاشکرادەکەم".


AM:10:28:11/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 4588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو