بافڵ تاڵەبانی: ئەرکی ئێمەیە ژیانێکی ئارام و سەقامگیر بۆ هاوڵاتییانمان دابین بکەین


وێستگه‌ نیوز-
بافڵ تاڵەبانی رایده‌گه‌یه‌نێت، داعش هێشتا مەترسییەکی جدییە و دەبێت هەموان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کە ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە ئامادەبون، ھەڵسەنگاندن بۆ ھەلومەرجی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە کرا و جەخت لەھەماھەنگی و ھاریکاری ھاوبەش لەنێوان ھێزەکانی ھەرێم و عێراق کرایەوە بۆ روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی داعش و بەرقەراربونی ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکە.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە جموجوڵەکانی چەکدارانی داعش کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، "داعش هێشتا مەترسییەکی جدییە و دەبێت هەموان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بین، ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئێمەیە کە ژیانێکی ئارام و سەقامگیر بۆ هاوڵاتییانمان دابین بکەین، بۆیە دەستبەکاربونی ژوری ھاوبەش لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان فاکتەری ئارامی زیاترە لە هەرێمی کوردستان و عێراق".

لەدرێژەی کۆبونەوەکەدا هاوسەرۆکی یەکێتی رونیكرده‌وه‌، دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی هۆکارێکی گرنگە بۆ ئارامیی سیاسی و داوایکرد ژیان و گوزەرانی خەڵک کاری لەپێشینەی سەرجەم هێز و لایەنەکان بێت و هەمو هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بێت.

چەند رۆژێکە شاندێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیى بافڵ تاڵەبانی لە بەغدایە و ژمارەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی عێراق ئەنجامداوە.


PM:04:38:08/06/2021






ئه‌م بابه‌ته 3304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت