لەسەر پێنج دۆلار وەستایەك شاگردەكەی خۆی لە سلێمانی كوشت


وێستگە نیوز-
پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی لە "گردەبڕاوەکە" وەستایەک لەگەڵ کرێکارێکی خۆیدا لەبارەی کرێی رۆژانەی کرێکارەکە دەبێتە شەڕیان و وەستاکە شاگردەکە دەکوژێت. 
 
سەرکەوت ئەحمەد،وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، رووداوەکە دوای كاتژمێر 04:00ـی ئێوارە روویداوە. "ئەو کەسەی کوژراوە ناوی ئیبراهیم ئەحمەد وسووە و لەدایکبووی ساڵی 2004ـە." خەڵکی کۆبانێیە. 
 
بەپێی وتەی سەرکەوت ئەحمەد، ئیبراهیم شاگردی وەستایەکی کۆنکرێت بووە بەناوی سەیدنوور محەممەد شیرین کە پێشتر کاری بۆکردووە. "کاتێک سەیدنوور لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا لەکار گەڕاوەتەوە، ئەو کرێکارە داوای رۆژانەکەی لێکردووە کە گوتوویەتی 35 دۆلارە، بەڵام وەستاکەی [سەیدنوور] گوتوویەتی 30 دۆلارە و لەسەر ئەوە بووەتە شەڕیان."
 
سەیدنوور کاتێک لە کارگەڕاوەتەوە ئامێرێکی بەدەستەوە بووە وەکو سەرکەوت ئەحمەد باسی کرد، "وەکو چەقۆ تیژبووە" لەکاتی شەڕەکەدا کێشاویەتی بە سینگی شاگردەکەیدا و "دیارە بەر دڵی کەوتووە، دوای گەیاندنی شاگردەکەش بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
 
ئەو وەستایە خەڵکی وانی باکووری کوردستانە و ئێستا هەڵاتووە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە. سەرکەوت ئەحمەد رایگەیاند، "هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو بازگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەکەین تاوەکو دەستگیری بکەین." هاوکات دوو کەسەکەی دیکەش کە لەگەڵ وەستاکەدا بوون، دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە بەردەوامە. 
 
وتەبێژی پۆلیس وتی، "هەوڵی دەستگیرکردنی دەدەین."


PM:09:07:08/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 12916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت