تیمی پارێزەرانی كەیسی سزادراوانی بادینان: رێگەی دیكە بۆ تانەدان دەگرینەبەر
وێستگە نیوز-
تیمی پارێزەرانی كەیسی سزادراوانی بادینان رایدەگەیەنن، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ سزادراوان كاری تاوانكاری نین و رێگای تر بۆ تانەدان لەو بڕیارە دەگرنەبەر.
تیمی پارێزەرانی كەیسی سزادراوانی بادینان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، چاوەڕوانی ئەوەیان دەكرد بڕیارەكەی دادگا لەبەرژەوەندی سزادراوان كۆتایی پێبێت، بەڵام بەزۆرینەی دەنگ دادگای پێداچونەوە بڕیاری زیندانیكردنی راگیراوانی بادینانی پەسەندكر و چالاكوانان و رۆژنامەنوسان بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزا دران، بۆیە ئەوان رێز لە بڕیاری دادگا دەگرن، بەڵام رێگای تر بۆ تانەدان لەو بڕیارە دەگرنەبەر.
تیمی پارێزەران ئاماژەیان بەوەشكرد "دەستگیركراوانی بادینان بەداخەوە لەكاتی ئیفادە دان پارێزەریان لەگەڵ نەبوە ئەمەش كارێكی یاسایی نیە، بۆیە داوا دەكەین هەموو دۆسیەكە بگەڕێتەوەو بە ئامادەبونی تیمی پارێزەران ئیفادەی سزادراوان وەربگیرێت، هاوكات ئەو تۆمەتانەش دراوەتە پاڵیان هۆكار نین بۆ سزادان كە یەكێك لە تۆمەتەكان سەردانیكردنی قۆنسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیایە كە ئەمە هەر كەسێك دەتوانێت ئەو سەردانانە بكات و هیچ كێشەیەكی تێدا نییە و ئێمەش چەندین جار سەردانی قونسوڵخانەكانمان كردوە".
دوای نزیكەی سێ مانگ لەسزادانی پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی ناوچەی بادینان لەلایەن دادگای تاوانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانی، رۆژی سێشەممەی رابردوو دادگای تەمیز بە دەنگی سێ ئەندام، سزادانەكەی پەسەندكرد.
PM:03:10:06/05/2021
ئهم بابهته 3604
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت