د. ڤیان سه‌برى: کورد پارتی بە پارێزەری مافەکانی خۆیان دەبینن


وێستگه‌ نیوز-
سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هەندێك لایەنی سیاسی داوای ئەوەیان دەکرد کەوا هەرێم مەلەفی نەوت و گاز، خاڵە سنوورییەکان و تەواوی داهاتی ناوەخۆ تەسلیم بە بەغدا بکات، هەندێك لایەنی تریش نەیان دەویست ئەو یاسایە بە هیچ جۆرێك پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی لە کوردستان بەردەوام بێت، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات ڕۆڵی پارتی سەرەکی بوو لە پەسەندکردنی ئەو یاسایە.

دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، ستراتیژیەتی پارتی لە بەغدا، پاراستنی قەوارە و پێگەی هەرێمی کوردستانە، هەروەها کار لەسەر ئەوە دەکات تەواوی مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە عێراقی فیدڕاڵدا بەدەست بێنین.

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌،،  ڕێنماییەکانی بارزانی بۆ فراکسیۆنی پارتیمان لە بەغدا، جەختکردنەوەیە لەسەر بینینی ڕۆڵی نەتەوەیی و دیموکراسیەت بۆ هەموو عێراق، هەر ئەوەشە وای کردووە پێگەی پارتى لە بەغدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر ببێت و کورد لە هەر کوێیەکی عێراق بن بۆ لای پارتی بێن، چونکە پارتی بە پارێزەری مافەکانی خۆیان دەبینن.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی روونیشیکردەوە: "لە بەغدا پێگە و موعادەلەی پارتی لە سەرووی هەموو موعادەلەکانی ترەوەیە، هیچ لایەنێك ناتوانێت ئەو پێگە بەهێزەی پارتیمان لە بەغدا لاواز بکات. پێداگری و کاری بەردەوامی سەرکردایەتیی پارتیشمان، وای کردووە کەوا لەگەڵ بوونی پیلانی نەیاران لە کورد و غەیرە کوردەوە، بەڵام پێگەی هەرێم لە بەهێزبوونی بەردەوامدایە."

دکتۆرە ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەكرد، کەوا ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە سەرووی ئەولەویاتی سەرکردایەتیی پارتیدایە، هەروەها لە هەموو ووتوێژەکاندا ئەو پرسە لە سەرووی هەموو پرسەکانی ترەوە دێت. هاوکات لە ڕێگای پەرلەمانەوە ڕێگە لە ژمارەیەك یاسا گیردراوە کە کاریگەری نێگەتیڤیان هەبووە لەسەر ئەو ناوچانە، بە تایبەتیش بابەتەکانی تایبەت بە موڵك و مومتەلەکات.

 سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، مەفهومی هاوبه‌شى و رێككه‌وتن لە بەغدا کاریان پێناکرێت و لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەك یاسای گرینگ بە زۆرینەی لایەنێکی عیراقی تێپەڕێندراوان.

وتیشی، زۆر بەداخەوە کورد لە پەرلەمانی عێراق یەكدەگ نین، بەڵکو ژمارەیەك پەرلەمانتار و لیستی کوردستانی ئاڕاستەی کارەکان و پەیوەندییەکانیان لە دژی هەرێمی کوردستان و ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بەکار دێنن. هاوکات فشار دەخەنە سەر لایەنە عێراقییەکان لە کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك نەگەنە ڕێکەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کێشە و پرسەکان یەکلا نەکرێنەوە. 

ده‌رباره‌ى یاسای بودجەی ساڵی 2021، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی جه‌ختیكرده‌وه‌، هەندێك لە پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەندێك لە پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی کوردیش لە بەغدا هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی ئەو یاسایە تێنەپەڕێت، یاخود هیچ نەبێت بەو شێوەیەی ئێستایدا پەسەند نەکرێت. 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هەندێك لایەنی سیاسی داوای ئەوەیان دەکرد کەوا هەرێمی کوردستان مەلەفی نەوت و گاز، خاڵە سنوورییەکان و تەواوی داهاتی ناوەخۆ تەسلیم بە بەغدا بکات. هەندێکی تریش دەیانویست هەر پارێزگایەك بە تەنها داهاتی بداتە بەغدا و بەشە بودجەی ڕاستەوخۆی بۆ بنێردرێت، هەندێك لایەنی تریش نەیان دەویست ئەو یاسایە بە هیچ جۆرێك پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی لە کوردستان بەردەوام بێت، بەڵام ڕۆڵی پارتى و مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان سەرەکی بوو لە پەسەندکردنی ئەو یاسایە کە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ هەرێمی کوردستان."

له‌باره‌ى بڕگەی 11 لە یاسای بودجە کە تایبەتە بە هەرێمی وتی،  خاڵی گرینگ لەخۆ دەگرێت، لەوانەش یەکلاکردنەوەی موستەحەقاتە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کە چەندین ساڵە باسیان لێوە دەکرێت، دیاریکردنی بڕی بەرهەمهێندراوی نەوتی هەرێم بە 460 هەزار و تەسلیمکردنی 250 هەزار بە بەغدا و یەکلاکردنەوەی پرسەکانی تایبەت بە نەوت و غاز بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتێیەکانی هەرێمی کوردستان.

ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌، تێپەڕاندنی ئەو ماددەیە بەو شێوەیە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە یەکجارەکی بە یاسایی کرد. ڕاستە بۆ ئێمە بودجە گرینگە، بەڵام بوونی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی نەوت و غازی جیهانی کارێکی یەکجار بایەخدارە و پێگەی هەرێم لە جیهاندا بەهێزتر دەکات و ڕێگە بە وەبەرهێنانی زیاتر لەو بوارە دەدات.

 دکتۆرە ڤیان سەبری ئاماژەیكرد، ڕۆڵی کاریگەری سەرکردایەتیی پارتى و کاری بەردەوامی فڕاکسیۆنی پارتی بوو لە پەرلەمانی عێراق، توانی ڕێگە لە تێپەڕاندنی یاسای نوێی دادگای فیدراڵى بگرێت و یاسا کۆنەکە بە هەندێك گۆڕانکارییەوە پەسەند بکرێت.

ده‌شڵێت، دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بۆ دیبلۆماسیەتی بارزانی و پارتی دەگەڕێتەوە، هەروەها تا پارتیش لە بەغدا بێت، ڕێگە نادات مافەکانی کوردستان پێشێل بکرێن، یاخود قەوارە و پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت. 


PM:02:52:06/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو