وەزارەتی دارایی هەرێم: داهاتی باج لە حەوت ساڵدا 5,4 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە
وێستگەنیوز -
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی زنجیرە بڵاوکراوەکانی تایبەت بە چاکسازی و شەفافیەت، وردەکاری داهاتی باجی حەوت ساڵی رابردووی ئاشکرا کرد کە بڕەکەی زیاتر لە پێنج ترلیۆن دینارە.
بەپێی ئەو داتایانەی لە پەرتووکی کار و چالاکییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتوون، کۆی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە ماوەی ساڵی 2019 تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، بڕی پێنج ترلیۆن و 415 ملیار و 30 ملیۆن دینار بووە.
وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم ماوەیەدا چەندین چاکسازی کارگێڕی، دارایی، یاسایی و تەکنیکی ئەنجامدراون بۆ رێکخستنەوەی ئەم سێکتەرە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دادوەری و بازرگانی.
گرنگترین ئەو هەنگاوانەی بۆ رێکخستنی باج و داهات نراون بریتین لە:
- بەدیجیتاڵکردنی کاروباری باج و خانووبەرەی میری بە هەماهەنگی فەرمانگەی
تەکنەلۆجیای زانیاری.
- رێکخستنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باجی هاوردە و هەناردە لە خاڵە سنوورییەکان.
- پۆلێنکردنی کۆمپانیا گەورەکانی باجدەر لەسەر ئاستی پارێزگاکان.
- هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێخۆشبوون لە باجی زەوی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
- کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکەکانی میری و رێکخستنەوەی فرۆشتن و
بەکرێدانیان.
- هەموارکردنەوەی پەیڕەوی تیانووسی بازرگانی بۆ مەبەستی باجی دەرامەت.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە کە پارێزگای هەولێر زۆرترین رێژەی داهاتی باجی تێدا کۆکراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی پایتەختبوونی و هەبوونی زۆرترین ژمارەی کۆمپانیا گەورەکان و جوڵەی بازرگانی لەو پارێزگایەدا بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە باجی هاوردە و هەناردەش راستەوخۆ لە دەروازە سنوورییەکان کۆدەکرێتەوە.
AM:10:38:30/06/2026
ئهم بابهته 636
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت