وەزارەتی دارایی: داهاتی ناوخۆ %70 کەمی کردووە و داتاکانی عەلی حەمە ساڵح بێ بنەمان


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە لێدوانەکانی عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست و عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی داهاتەکانی هەرێم بڵاوکردەوە و تێیدا سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە باس لە شاردنەوەی داهات دەکەن.


وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کردووە و رایگەیاندووە، "ئەو قسەیەی دەوترێت وەزارەتی دارایی داهاتی مانگانەی بە 400 ملیار دینار خەمڵاندووە هیچ بنەمایەکی نییە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەپێی بارودۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت".

دەربارەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "داهاتی خاڵە سنوورییەکان بەردەوام لە گۆڕاندایە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم وردبینییان بۆ کردووە و هیچ لایەنێکی فەرمیش رەخنەی لێ نەبووە" هەروەها جەختیشی کردەوە، کە بەهۆی فشارە ئابوورییەکان و کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانی وەک شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، داهاتی هەرێم بە رێژەی نزیکەی %70 کەمبووەتەوە.

لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا باس لە داهاتی هاتووچۆ و کارەبا کراوە و هاتووە، "داهاتی هاتووچۆ هەمووی ناچێتە خەزێنەی گشتی و بەشێکی بۆ پێداویستییەکانی وەزارەتی ناوخۆ خەرج دەکرێت، هەروەها داهاتی کارەباش کە بە 90 ملیار دیاری کراوە، بەشێکی زۆری قەرزی لای هاوڵاتیانە و بەشێکی تریشی تەنها چەک و مەقاسەیە لە نێوان فەرمانگەکاندا، نەک پارەی کاش".

لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە کە سەرجەم داتاکان رەوانەی بەغدا کراون و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لاری لەسەریان نەبووە، داواش لەو دوو کەسایەتییە دەکات بۆ وەرگرتنی زانیاری راست سەردانی وەزارەت بکەن و زانیاری ناڕاست بڵاونەکەنەوە.


AM:10:42:04/06/2026




ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت