لێدوانی سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌رباره‌ی مووچه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی دیوان ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ هه‌ولێر و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسانی حكوومه‌ت، به‌ڵێن دراوه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری یاسایی بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ مووچه‌ بدۆزرێته‌وه‌.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ی تشرینی دووه‌می 2024، ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی‌: "له‌ دوایین سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌ولێر و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و به‌رپرسانی حكوومه‌ت، پرسی مووچه‌ بابه‌تی گه‌رمی نێو كۆبوونه‌وه‌كان بووه‌".

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌ڵێت: "به‌ڵێن دراوه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری یاسایی بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ مووچه‌ بدۆزرێته‌وه‌".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "پرۆسه‌ی سه‌رژمێری چاره‌نووسسازه‌ و زۆر گرنگه‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌و رۆژه‌دا له‌ ناوچه‌ ره‌سه‌نه‌كانیان ئاماده‌بن".

راشیگه‌یاند كه‌ "سه‌باره‌ت به‌و تێبینییانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ هه‌بوو، ئه‌و كێشانه‌ له‌ نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ چاره‌ كراون و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق دڵنیایی ته‌واوی به‌ هه‌رێم داوه‌، كه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ پرۆسه‌كه‌دا بۆ خه‌ڵكی كوردستان نابێت".

ئه‌م لێدوانه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ 17ی‌ تشرینی‌ دووه‌مه‌، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مووچه‌ی‌ مانگی‌ رابردوو "تشرینی‌ یه‌كه‌م"یان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنی‌ دیار نییه‌.


PM:08:11:17/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت