وەزارەتى دارایى: کێشەى مووچەى خانەنشینى هێزەکانى 70 چارەسەرکرا
دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە
وێستگهنیوزـ
وەزارەتى دارایى و ئابوریى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەبڕیاری وەزیری دارایی کێشەی مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 چارەسەر کراوە و بەگوێرەى راگەیەندراوى وەزارەتەکە، وەزیرى دارایى وتویەتى، "وەزارەتى دارایى بەرپرس نییە لە کێشەى مووچەى هێزەکانى یەکەى 70".
وەزارەتی دارایی و ئابووری ههرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، وەزیرى دارایى لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی 70 کۆبووەتەوە و گفتوگۆ لەسەر کێشەی مووچەی خانەنشینانی ئەو هێزە کرا، کە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی چوار ملیار دینارە و تا ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، وەزیری دارایی روونیکردووەتەوە کە بەگوێرەى یاسای چاکسازی و راپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی 70 تا ئێستا هیچ داتا و زانیاری و دۆسیەیەکیان لە بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە.
باسى لەوەشکردووە، وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن و نەدانی مووچەکانیان بەڵکو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کاربکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات دۆسییەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوهبەرایەتی گشتیی خانەنشین، لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
وەزارەتى دارایى روونیشیکردووەتەوە، هاوشێوەی مانگەکانی دیکە وەزیری دارایی فەرمانیکرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی 70 بەشێوەی سلفە، تا کێشەکەیان بەیەکجاری چارەسەر دەکرێت.
PM:01:00:22/07/2024
ئهم بابهته 1660
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت