ناتانیاهۆ: تورکیا پاڵپشتی حەماس دەکات بۆیە پێدانی فڕۆکەی F-35 هاوسەنگی هێز تێکدەدات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەمووزی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دژایەتی توندی خۆی بۆ پێدانی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو بە تورکیا راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنقەرە پاڵپشتی لە حەماس دەکات.


بنیامین ناتانیاهۆ لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، نابێت فڕۆکەی F-35 یان بزوێنەری فڕۆکە جەنگییەکان بە تورکیا بدرێت، چونکە ئەوە هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات، وتیشی: "ئەم هاوسەنگییە لە ئێستادا لە رێگەی باڵادەستی ئاسمانی ئیسرائیل و هەڵوێستی ئەمریکاوە مسۆگەر کراوە".

ناتانیاهۆ تورکیای تۆمەتبار کرد بەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ حەماس دابین دەکات و فەرشی سووریان بۆ رادەخات، بە وتەی ئەو "تورکیا لە راستییدا پشتگیری لە خراپەکارەکان دەکات و هیچ یارمەتییەکی ئەمریکای نەداوە لە دۆسیەی ئێراندا".

سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی ئێران، ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد کە نزیکەی %80ی گەلی ئێران رقیان لە رژێمەکەیانە، بەڵام هۆکاری مانەوەی دەسەڵاتی تاران بۆ بوونی "سەدان هەزار چەقۆکێش" دەگەڕێتەوە کە شەو و رۆژ خەڵکی خۆیان تیرۆر دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لایەنگرانی رژێم بەهۆی کوژرانی رێبەرەکەیانەوە تووڕەن و دروشمی مەرگ بۆ ترەمپ و مەرگ بۆ ناتانیاهۆ دەڵێنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناتانیاهۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە نموونەیی وەسف کرد و وتی، هەرچەندە وەک هەر هاوپەیمانێکی دیکە جیاوازی بیروڕایان هەبێت، بەڵام لە هەموو شتێکدا هاوڕان.

سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەشی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە تا ئێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەو سەردانە دەستنیشان نەکراوە.


PM:03:33:06/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت