حەماس هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی حکومی لە غەزە راگەیاند و ئیسرائیل گومانی هەیە
وێستگەنیوز-
بزووتنەوەی حەماس بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی حکومی و کارگێڕی لە کەرتی غەزە راگەیاند، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رادەستکردنی دەسەڵات بە لیژنەیەکی نیشتمانیی تەکنۆکرات.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەمموزی 2026، باسم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی ئاگربەست و بۆ رەخساندنی کەشوهەوای گونجاو، بزووتنەوەکەیان بڕیاریداوە لیژنەی فریاگوزاریی حکومی هەڵبوەشێنێتەوە، هاوکات محەمەد فەڕا، سەرۆکی لیژنەکە دەستی لەکار کێشاوەتەوە تا رێگە بۆ دەستبەکاربوونی لیژنەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی غەزە خۆش بێت.
حەماس جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ رادەستکردنی دەسەڵات کۆتاییان هاتووە و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ رادەستکردنی تەواوی دۆسیەکان، بە دۆسیەی ئەمنیشەوە، وتەبێژی بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بۆ سەندنەوەی هەر بیانوویەکە لە دەستی ئیسرائیل و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی نێوەندگیرەکاندایە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
بەپێی پلانەکان، بڕیارە کەرتی غەزە لە لایەن لیژنەیەکی تەکنۆکرات و بێلایەن بە سەرۆکایەتی عەلی شەعس بەڕێوەببرێت، کە ئەمەش بە گۆڕانکارییەکی سیاسی گەورە دادەنرێت کە لە ساڵی 2007ـەوە حەماس کۆنتڕۆڵی غەزەی کردووە.
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل گومانیان لەم هەنگاوە هەیە، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئەم بڕیارەی حەماس تەنها چەواشەکارییەکی میدیاییە و پێیان وایە ئەندامانی بزووتنەوەکە لە ناو پۆستەکانیاندا دەمێننەوە و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکە هیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینە دروست ناکات.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025دا، لە کاتی نێوەندگیرییەکانی ئاگربەست، باس لە پێکهێنانی حکومەتێکی مەدەنی بێلایەن کرا بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری غەزە لە قۆناغی دوای جەنگدا.
PM:02:23:06/07/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت