موجتەبا خامنەیی: دوژمن پەنای بۆ جەنگی تێکەڵاو بردووە و هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی دەدات


وێستگەنیوز –
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، لە 37ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی، لەلایەن حاج عەلی ئەکبەرییەوە پەیام و وتاری موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران خوێندرایەوە.


لە وتارەکەدا رێبەری باڵای ئێران، جەخت دەکاتەوە کە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر بە ئیسرائیل نەگۆڕە و هۆشداریش دەدات لەوەی دوژمنانیان لە هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی ناوخۆیی و تێکشکاندنی خۆڕاگری خەڵک و بەهەڵەدابردنی بەرپرسانی وڵاتەکەن.

موجتەبا خامنەیی رایگەیاند، سیستەمی هەژموونخواز بنکەیەکی سەربازیی بە ناوی "ئیسرائیل" دروستکردووە و ئێرانیش بەهیچ شێوەیەک لە هەڵوێستەکانی بەرانبەر بەو وڵاتە پاشەکشە ناکات.

رێبەری ئێران جەختیشی کردەوە کە دوژمن دوای شکستخواردنی لە گۆڕەپانی جەنگ و لە رووبەرووبوونەوەی هێزە چەکدارەکاندا، ئێستا پەنای بۆ جەنگێکی تێکەڵاو بردووە بە مەبەستی دروستکردنی کەلێن و دووبەرەکی لە ناوخۆی وڵاتدا.

ئاماژەی بەوەش کرد کە دوژمن لەسەر شەقام و گۆڕەپانەکان تووشی سەرشۆڕییەکی قووڵ بووەتەوە، بۆیە لە ئێستادا پیلانەکانی خستووەتە سەر تێکشکاندنی خۆڕاگریی خەڵک و دروستکردنی هەڵە لە لێکدانەوەکانی بەرپرسانی وڵاتدا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی هۆشداری دا کە سیستەمی هەژموونخواز درێغی ناکات لە گرتنەبەری هەر رێوشوێنێک بۆ رێگریکردن لە پێشکەوتنەکانی ئێران، بۆیە هەر جۆرە کارێک ببێتە هۆی نائومێدی و رەشبینی لای هاووڵاتییان، وەک هاوکاریکردنی راستەوخۆی دوژمنانی وڵات و گەل هەژمار دەکرێت.


AM:11:50:04/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت