"تەڵەی ثوسیدیدس" چییە کە سەرۆکی چین هۆشداریی لێدا؟
وێستگەنیوز-
لە میانی ئەو دیدارەی، دوێنێ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026 لە پەکین، لە نێوان شی جین بینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی بەڕێوەچوو، زاراوهی "تەڵەی ثوسیدیدس/ فخ ثوسيديدس" لەسەر زمانی سەرۆکی چین بیسترا.
ئەم زاراوهیه، وەک هۆشدارییەک هات لە مەترسیی هەڵگیرسانی ململانێ لە نێوان هێزێکی تازەپێگەیشتوو و هێزێکی باڵادەستدا؛ هۆشداریی بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی گەورە، لە نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
تەڵەی ثوسیدیدس
دوای ئەوەی شی جین بینگ، ئەم زاراوهیهی لەبەردەم دۆناڵد ترەمپ دا بەکارهێنا، له تۆڕی ئینتهرنێت، زۆر بهخێرایی دهستكرا به گهڕان بهدوای مانای ئهم زاراوهیهدا.
لە كاتی بهڕێوهچوونی لووتکەی نێوان شی و ترەمپ کە دوو کاتژمێری خایاند، سەرۆکی چین لەبەردەم هاوتا ئەمریکییەکەی ئهم پرسیارهی كرد: "ئایا چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەتوانن لە تەڵەی ثوسیدیدس تێپەڕن و مۆدێلێکی نوێ بۆ پەیوەندیی نێوان هێزە گەورەکان دروست بکەن؟".
لێرهوه پرسیاری ئهوه هاته ئاراوه ئاخۆ"تەڵەی ثوسیدیدس" چییە كه سەرۆکی چین باسی لێوە کرد و بۆچی لە ئەدەبیاتی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا، ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکات؟
ئەم زاراوهیه لە جەنگە کۆنەکانی یۆنانییهكانهوه وەرگیراوە و لەلایەن توێژەری ئەمریکی "گراهام ئەلیسۆن"ەوە داڕێژراوە.
زاراوهكه لە جەوهەردا، لەسەر بیرۆکەیەکی ترسناک وەستاوە؛ کاتێک هێزێکی ههژمونگهری باڵادەست، هەست دەکات کە سەرکەوتنی هێزێکی نوێی تازهپێگهیشتوو، هەڕەشە لە پێگە و جێگەی ئەو دەکات، وردە وردە ترس دەبێتە بزوێنەرێک کە هەردوولا، بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی دەبات، وەک بڵێی ئهمه چارەنووسێکی حەتمییە.
لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی هارفارد، ئاماژە بەوە دەکەن، مێژوو، لە ساڵی 1500وە، 16 حاڵەتی هاوشێوەی ململانێی نێوان هێزێکی تازەپێگەیشتوو و هێزێکی باڵادەستی ههژمونگهری بەخۆوە بینیوە و لهو ژمارهیه 12 حاڵەتیان بە جەنگی وێرانکەر کۆتایی هاتووە و ڕووی جیهانیان گۆڕیوە.
ثوسیدیدس کێیە؟
ثوسیدیدس (یان ثوقیدیدس - Thucydides)، مێژوونووسێکی ناوداری یۆنانییە، لە نێوان ساڵانی 460 بۆ 395 پێش زایین ژیاوە. خاوەنی کتێبی "مێژووی جەنگی پێلۆپۆنیس"ە و بە یەکەمین مێژوونووسی یۆنانی دادەنرێت کە گرنگییەکی تایبەتی بە فاکتەرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان داوە، کۆمەڵگەی زانستە سیاسییەکان، بە یەکێک لە باوکانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دادەنێن، بەهۆی ئەو شیکارییە وردەی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان "ئەسینا" و "سپارتا" لە کاتی جەنگی نێوانیاندا نووسیویەتی.
لە نێوان چین و ئەمریکادا
ئەو پرسیارەی سەرۆکی چین ئاراستەی کرد، پرسیارێکی فەلسەفی یان تیۆری نەبوو، بەڵکو ههوڵیدا واقیعێکی جدیی پێ وێنا بکات؛ چین هێزە تازەپێگەیشتووەکەیە و هۆشداری دەدات هەر "مامەڵەیەکی هەڵە" لەگەڵ دۆسیەی تایواندا، ڕەنگە پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتۆن بەرەو "دۆخێکی یەکجار مەترسیدار" ببات، بەو پێیەی دوورگەکە مەترسیدارترین خاڵی ئهگهری پێکدادانی نێوان هەردوو زلهێزەکەی جیهانە.
ئەمڕۆ دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەیە، بهوهی واشنتۆن و پەکین، هەمان نەخشەی مێژوویی دووبارە بکەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە چەک و سوپا و ئابوورییەک کە توانای هەژاندنی هەموو جیهانیان هەیە.
لە بەرانبەردا، ترەمپ وا دەرکەوت کە نایەوێت بە هیچ شێوەیەک بچێتە ناو ئەم ناوچە خۆڵەمێشی و فەلسەفییەی کە چینییەکان باسی دەکەن و بە زمانی پیاوێکی بازرگان وەڵامی هۆشدارییەکەی چین دایەوە، بهوهی گرژییەکان، وەک "دەرفەت" سهیر دهكات.
ترەمپ ستایشی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد کە "تەنیا کەسانی کەم و دەگمەن بۆیان دەکرێت" و جەختی لهوه کردەوە داهاتوو باشتر دەبێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ژهنینی ئاوازێكی جیاواز و ئارامتر، له ناوجهرگهی ئهو دڵهڕاوكه ستراتیژییهی له ئارادایه.
PM:06:08:15/05/2026
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت