لە سووریاوە بۆ بەردەم دادگاكان، سێ ژنی ئوسترالی تۆمەتی تیرۆریان ئاراستە دەکرێت


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی ئایاری 2026، دادگایەکی ئوسترالیا داوای ئازادکردنی سێ ژن به‌ كه‌فاله‌ت ڕەتکردەوە، کاتێک بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "کۆیلایەتی و تیرۆر" لەبەردەم دادوەر ئامادە بوون.


ئەم ژنانە لەگەڵ 10 کەسی دیکە، لە سووریاوە گەڕاونەتەوە بۆ ئوستورالیا و پۆلیس گومانی هەیە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی داعشەوە هەبووبێت.

ئەو ژن و منداڵانەی چەندین ساڵیان لە کەمپی "ڕۆژ" لە بیابانەکانی سووریا بەسەر بردووە، ڕۆژی پێنج شەممە لە ڕێگەی دوو گەشتی هێڵی ئاسمانی قەتەری لە دەوحەوە، گەیشتنەوە وڵاتەکەیان.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئوسترالیا، پێشتر هۆشداری دابوو به‌وه‌ی لە ئەگەری گەڕانەوەیاندا، ڕووبەڕووی تۆمەتی یاسایی دەبنەوە.

لەو بارەیەوە، ئانتۆنی ئالبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕایگەیاند ئەو هاوسۆزی بۆ ئەو منداڵانە هەیە کە گەڕاونەتەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک، هاوسۆز نییە بۆ دایک و باوکەکانیان کە نابێت چاوەڕوانی هیچ پاڵپشتییەک لە حکومەت بکەن.

ئالبانیز بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "من بە هیچ شێوەیەک هاوسۆزی ئەو کەسانە نیم. هاوسۆزی من تەنها بۆ منداڵەکانە، چونکە ئەوان قوربانی ئەو بڕیارانەن کە دایک و باوکیان داویانە".

هەروەها ده‌ڵێت: "كارێكی گونجاوه‌ منداڵەکان پاڵپشتی بکرێن، چونکە ئەوان لەو کەمپانەدا، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ترس و دیمەنێکی ناخۆش بوونەتەوە".


PM:07:02:08/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت