راوێژکارێکی خامنەیی کۆتاییهاتنی "سەبری ستراتیژی" و قۆناغێکی نوێ لە هورمز ڕادەگەیەنێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 7ی ئایاری 2026، موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ئێرانی، وازهێنانی تارانی لە سیاسەتی "سەبری ستراتیژی" ڕاگەیاند و سیناریۆ نمایشکارییەکانی واشنتۆنی سەبارەت بە گەرووی هورمز ڕەتکردەوە، هەروەها جەختی لە سووربوونی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەدەستهێنانی تەواوی ماف و قەرەبووەکانی.

لیوا موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران، لە لێدوانە میدیاییەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە "تاران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ئەو جەنگەی کە 12 ڕۆژی خایاند (ساڵی ڕابردوو)"، بە شێوەیەکی بڕاوە، وازهێنانی ئێرانی لە سیاسەتی سەبری ستراتیژی ڕاگەیاند کە پێشتر پەیڕەوی دەکرد.

ناوبراو ڕوونی کردەوە "ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی وروژاندنی پرسی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، کارێکی نمایشکاری بکات، ئه‌مه‌ش وەک سەرەتایەک بۆ چوونە دەرەوە لە ناوچەکە، بەڵام ئێران ڕێگە نادات ئەم نەخشەیە تێپەڕێت یان هەڵەکانی پێشوو دووبارە ببنەوە".

ڕەزایی جەختی له‌وه‌ کردەوە "دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، قەرەبووی تەواوی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بە ئێرانی گەیاندووە".

ئاماژەی بەوە کرد تاران بەبێ سازشکردن، ته‌واوی مافه‌كانی و قەرەبووە شایستەکانی خۆی وەردەگرێتەوە.

لە کۆتاییدا دڵنیایی خۆی له‌وه‌ دەربڕی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو داڕمان و هەرەسێكی حەتمی هەنگاو دەنێت"، پێشبینی کەوتنی ئەم قەوارە داگیرکەرە و گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری هەمیشەیی بۆ ناوچەکە کرد.


PM:04:07:07/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت