ڕازاوەترین هۆتێلی ئیسلام ئاباد سەرنجەکان بۆ خۆی ڕادەکێشێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە، 11ی نیسانی 2026، ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، سەرنجی تەواوی جیهان و دەیان ڕۆژنامەنووسی بیانی بۆ خۆی ڕادەکێشێت، کە لە هەموو لایەکەوە هاتوون، بۆ ڕووماڵکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریکا.


هۆتێلی "سیرینا" لە ئیسلام ئاباد، کە میوانداریی هەردوو شاندی ئەمریکی و ئێرانی دەکات، لە شوێنێکی گەشتیاریی ده‌گمه‌ن و ناوازەوە، گۆڕاوە بۆ چەقێکی دیپلۆماسیی گرنگ، ئه‌مه‌ دوای ئەوەی حکومەت بە شێوەیەکی کاتی، دەستی بەسەردا گرتووە.

بەپێی هەواڵێکی "NDTV"، ئیدارەی هۆتێلەکە، داوای لە سەرجەم میوانەکان کردووە، ژوورەکانیان چۆڵ بکەن و لە ڕاگەیەندراوێکدا وتوویەتی: "ئاگادارتان دەکەینەوە كه‌ حکومەتی پاکستان، بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی گرنگ، دەستی بەسەر هۆتێلەکەماندا گرتووە، ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌راگرتنه‌ لە ئێوارەی شەممەوە تا ئێوارەی یەکشەممە بەردەوام دەبێت".

"سیرینا" بە یەکێک لە ڕازاوەترین هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانی شارەکە دادەنرێت و بەشێکە لە زنجیرە هۆتێلە جیهانییەکانی سیرینا، کە لەلایەن کۆمپانیای "خزمەتگوزارییەکانی گەشەپێدانی گەشتیاری/ TPS" بەڕێوەدەبرێت.

سندوقی "ئاغاخان بۆ گەشەپێدانی ئابووری/AKFED" گەورەترین پشکداری ئەم کۆمپانیایەیە، ئەم هۆتێلە لە ساڵی 2002 لەلایەن پەروێز موشەرەف، سەرۆکی ئەو کاتەی وڵاتەوە کرایەوە.

هۆتێلەکە لە ناوچەیەکی پارێزراوی شارەکەدایە و شوێنێکی نموونەیییە بۆ ئەنجامدانی دانوستانە هەستیارەکان و چالاکییە دیپلۆماسییە باڵاکان.

هۆتێلەکە لەسەر ڕووبەری 6 هێكتار، واته‌ نزیکەی 25 هه‌زار و 205 مەتر دووجا دروستكراوه‌ و پڕه‌ له‌ باخی جۆراوجۆری سەرنجڕاکێش، جگە لەوەی بە شێوازێک دیزاین کراوە، بەرگەی بوومەلەرزەی بەهێزی زیاتر لە 7.5 پلەی ڕێختەر دەگرێت.

تەلارسازییەکەی تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە، لەوانە: بوونی سویتە سەرۆکایەتییەکان و ئه‌و هۆلانه‌ی بۆ کۆبوونەوە گرنگەکان ئاماده‌كراون. چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی شاندەکان و تیمەکانیان، ئەم شوێنانە بەکاربهێنن.

هەروەها بە مەڕمەڕی تاشراوی دەستی، دیزاینی تایبەت، قوماشی دەستچنی و هەزاران تابلۆی دارینی دەستڕەنگین، لە سەقفەکەیدا ڕازاوەتەوە. هۆتێلەکە 105 ژووری نایاب، 6 ڕێستۆرانت، هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی گەورە، بۆ 1000 کەس و سیستمی ئەمنیی پێشکەوتووی هەیە.

جێی باسە، دەسەڵاتدارانی پاکستان نزیکەی 10 هەزار کارمەندی ئەمنییان (لە سوپا، هێزە نیمچە سەربازییەکان، پۆلیس و هەواڵگری) بۆ پاراستنی دانوستانەکان بڵاوەپێکردووە.

هەروەها ئەو ناوچەیەی کە بە "ناوچەی سوور/ Red Zone" ناسراوە و هۆتێلەکەی تێدایە، بە تەواوەتی داخراوە.

ئایا ئەمڕۆ لە ڕێڕەوەکانی ئەم هۆتێلەوە "دووکەڵی سپی" نیشانەی ڕێککەوتن، بەرز دەبێتەوە؟ ئایا شاندەکانی ئەمریکا و ئێران، کە ڕەنگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، لێرە یان لە بارەگای "شەهباز شەریف"ی سەرۆک وەزیران کۆببنەوە، دەگەنە بڕیارێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە هەڵگیرساوە؟


PM:02:47:11/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت