هاکان فیدان: پێویستە یەک سوپا لە سوریادا هەبێت


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیەنێت، رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا زۆر گرنگە، ئەوەی تورکیا لەهەسەدە و دیمەشق داوای دەکات بە تەواوی قابیلی جێبەجێکردنە.


ئەمڕۆ هەینی 30ی کانونی دووەمی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، "تورکیا پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" دەکات، بەڵام نیگەرانی و هێڵی سووری تایبەت بە خۆمان هەیە سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکانی وڵاتەکەمان کە پێویستە لەبەر چاو بگیرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو پرسانەی کە لەنێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق ماون پێویسته لە چوارچێوەی بنەماکانی دەوڵەتی خاوەن سەروەری و یەکگرتوودا چارەسەر بکرێن، هەروەها پێویستە یەک سوپا لە سوریادا هەبێت".

هاکان فیدان وتی، "وەک تورکیا بەها بە کوردانی سوریا دەدەن و پێویستە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بە سەدان کەس لەنێو هەسەدەدا بوونی هەیە و هاوڵاتی سوری نین کە تاکە ئامانجیان زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا و پێویستە سنوورێکییان بۆ دابندرێت".

وتیشی، "بەردەوامی ئاگربەست لە نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە رێگە بە ئەمریکا دەدات زیندانییانی داعش لە سوریاوە بگوازێتەوە بۆ عێراق، ئەمەش پێشهاتێکی زۆر گرنگە و پێویستی بە کەشێکی ئارام و ئاسایشێکی پتەو هەیە".


PM:07:19:30/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت