ئێران ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵا ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كات
وێستگەنیوز-
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 13ی كانوونی دووه‌می 2026، به‌هۆی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی چه‌ند رۆژێكه وڵاتی گرتووه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران رایانگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای ده‌وڵه‌ت، ره‌وانه‌ی دادگا كراون.
ئاژانسی هه‌واڵی "ته‌سنیم" له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی ده‌ستی پشكنین بڵاویكردووه‌ته‌وه، "پرسی ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی گه‌وره‌ی وڵات، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونیان به ئه‌ركی سه‌ر شانیان و دابیننه‌كردنی خزمه‌تگوزاریی گشتی، ره‌وانه‌ی دادگا كراون".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "ئه‌و كۆمپانیا و كارگه و بانكانه‌ی، پابه‌ندنه‌بوون به گرتنه‌به‌ری رێكاری په‌یوه‌ست به دراوه بیانییه‌كان، ته‌نها ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته ده‌رفه‌تیان پێده‌درێت، ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا پابه‌ندنه‌بوون، ئه‌وا ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێن".
هه‌روه‌ها ئاژانسه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، سكاڵایه‌كی یاسایی دژ به بانكی ناوه‌ندی و "كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ی" تۆماركراوه و به‌م نزیكانه ره‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كرێت.
ئاشكرایه ماوه‌یه‌كه ئێران له سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌دا، ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری گه‌وره به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. سه‌ره‌تای ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بۆ ده‌ربرینی بێزاری بوو له دژ خراپی دۆخی ئابوری، پاشان دروشمی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان گۆڕا بۆ روخانی رژێم.
له‌م باره‌یه‌وه رێكخراوی مافی مرۆڤ (هه‌نگاو) كه باره‌گاكه‌ی له ئه‌مریكایه، رایگه‌یاند له ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا 646 كه‌س كوژراون، له‌وانه 505كه‌سیان خۆپیشانده‌رن، 113 كه‌سیان ئه‌ندامی هێزه ئه‌منییه‌كانن و 7 كه‌سی دیكه رێبوار بوون.
لای خۆیه‌وه رێكخراوی نێتبلۆكس رایگه‌یاند پچڕانی هێڵی ئینته‌رنێت له سه‌رانسه‌ری ئێران به‌رده‌وامه. ئه‌مه وایكرد تاران له‌ژێر فشارێكی به‌رچاوی وڵاتانی خۆرئاوادا بێت، هه‌ر له كشانه‌وه‌ی باڵیۆزه‌كانیان تا ده‌گاته سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ به ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ربازی.
رۆژی دووشه‌ممه 12ی کانونی دووەمی 2026، دۆناڵد تره‌مپ, سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، "هه‌ر وڵاتێك بازرگانی له‌گه‌ڵ ئیران بكات، باجی له‌سه‌دا 25 ده‌خرێته سه‌ر ئاڵوگۆڕی بازرگانییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا".
PM:03:10:13/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 604
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت