شەرقئەوسەت: حیزبوڵڵا لەبەرامبەر تەكنەلۆژیاكانی ئیسرائیلدا شكستیهێناوە
وێستگەنیوز_
سەرەڕای ڕێكەوتنی ئاگربەست، كە لە تشرینی دووەمی 2024وە دەستیپێكرد، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام ئەندامان و بەرپرسانی حیزبوڵڵا دەكاتە ئامانج بەبێ ڕاوەستان.
بەپێی ڕاپۆرتێكی شەرقئەوسەت، ئیسرائیل لە دەستپێكردنی ئاگربەستەوە تائێستا 300 ئەندامی حیزبوڵڵای كوشتووە و لە كاتی جەنگیشدا لە نێوان چوار بۆ پێنج هەزار سەركردە و ئەندامانی ئەو حیزبەی كوشتووە و نۆ هەزار كەسیش لە دەرەوەی بازنەی شەڕ برینداربوون.
زۆربەی كردەوەی كوشتنەكان، وەك لە ڕپۆرتەكەدا هاتووە، لەسەر رێگەوبانەكان ئەنجام دەدرێن لەكاتی هاتووچۆكردنی ئەو ئەندامانەی حیزبوڵڵا، بەشێوەیەكی سەرەكی لە ناوچەكانی باشووری لوبنان.
ئاماژەشی كردووە، بەردەوام بوونی ئیسرائیل لە كوشتنی ئەندامان و سەركردەكانی حزبوڵڵا، نیشانەی پرسیارن بۆ هۆكارەكانی شكستهێنانی ئەو حیزبە لەبەرامبەر ئەو تەكنەلۆژیا نوێیەی ئیسرائیل خستوویتیە نێو شەڕەكەوە و پشتی پێ دەبەستێت لە دیاریكردنی شوێنی ئەندامەكانی.
عەمید ئیلیاس حەنا، شارەزای سەربازی و ستراتیجین ئاشكرای كردووە، ئیسرائیل پێش دەستپێكردنی جەنگی لوبنان، داتایەكی تەواوەتی لەسەر ئەندامانی حیزبوڵڵا كۆكردووەتەوە، بە سوود وەرگرتن بەشێوەیەكی سەرەكی لە بەشداریكردنیان لە جەنگی سووریادا.
بەقسەی چەند شارەزایەك، ئیسرائیل پشت بە چەند سەرچاوەیەك دەبەستێت بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان، لەوانە تۆڕێكی سیخوڕی و گوێگرتن بۆ ماوەی 24 كاتژمێر، لە رێگەی چەند تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتووەوە و بەدواداچوون لە رێگەی مانگی دەستكردەوە و چاودێریكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پەنجەمۆری دەم و چاو و دەنگ و سیستمی بایۆمەتری و نەبوونی سیستمێكی ڕێك و پێك لەلایەن ئەندامانی حیزبوڵڵاوە، بۆ بەكارهێنانی مۆبایلەكانیان و ناچاربوونيان بە هاتووچۆكردن لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، بەهۆی كێشەكانی پەیوەندیكردنەوە.
عامر تبش، شارەزا لە تەكتیكی تەكنەلۆژیا و پەیوەندییەكان دەڵێت، ئیسرائیل درۆن بەكاردەهێنێت بۆ دڵنیابوون لە پێكانی ئامانجەكە، لەم رێگەیەوە ئەگەر بێتو ئامانجەكە دەمامكیش بپۆشێت فڕۆكەكان هەر دەیدۆزنەوە، چونكە تەنها پشت بە وێنەی دەموچاو نابەستێت، بەڵكو پشت بە جوڵەی جەستەی ئامانجەكە دەبەستێت بەگشتی.
PM:02:59:07/10/2025
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت