وەزیری بەرگری سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی رێککەوتن و دەستبەجێ ئاگربەست دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە


وێستگەنیوز_

وەزیری بەرگریی سووریا رایگەیاند، "لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لەسەر راگرتنی شەڕ رێککەوتین."

ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2025، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند "کەمێک پێش ئێستا، لە دیمەشق، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کۆبوومەوە."

 وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە "ڕێککەوتین لەسەر وەستاندنی گشتگیری شەڕ لە هەموو میحوەر و خاڵە سەربازییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا".

ئاشکراشی کردووە کە، "دەستبەجێ ئاگربەست دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانی شەوی دووشەممەی گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا کوژراوە و هاوڵاتییەکیش لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا کوژراوە.
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، لەبارەی شەڕوپێکدادانەکانی شەوی دووشەممە، هێزەکانی حکومەتی سووریا لەرێگەی بەکارهێنانی درۆنەوە، هێرشیان کردووەتە سەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب؛ شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.

محێدین حەمۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی کوردنیشین لە حەلەب رایگەیاندووە: "لە شەڕی شەوی رابردوودا کەسێکی سڤیل کوژراوە و نزیکەی 50 کەسی دیکەش بریندار بوون".


PM:02:26:07/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو