هاکان فیدان: چاوەروانین عێراق چۆن رووبەڕووی داعش بووەوە، بە هەمان شێوەش بەرەنگاری پەکەکە ببێتەوە


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ عێراق لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە چۆن ڕووبەڕووی داعش بوویەوە، بە هەمان شێوەش رووبەڕووی پەکەکە ببنەوە.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ بێت، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی UTVی کە ناوەندەکەی لە عێراقە رایگەیاند، "پەیوەندییەکی بنەڕەتی لە نێوان تورکیا و دراوسێکان لەوانەش عێراق و ئێران و سوریادا هەیە، هەر شتێک لەوەی هەبێت کاریگەری لەسەر ئێمەش هەیە و لە ناو ئێمەشدا هەر شتێک هەبێت، کاریگەری لەسەر ئەوان هەیە، کەواتە بۆمان زۆر گرنگە کە عێراق خاوەنی پێگەیەکی بەهێز بێت لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، ئاسایش و هەموو کێشەکانی چارەسەر بکات".

هاکان فیدان باسی لەوەشکرد کە سەرکۆماری تورکیا لە 20 ساڵی رابردوودا دیدگایەکی بەهێزی لەبارەی عێراق بونیاد ناوە، ئەویش لە پاڵ عێراقدا بوونە، بە راستی 20 ساڵی رابردوو بۆ عێراق زۆر سەخت بوو، لەئێستاشدا خەبات بۆ هەندێک بابەت بەردەوامە، بۆیە ئێمە وەک تورکیا لە خۆمان پرسیار دەکەین کە بۆ عێراق چیمان پێدەکرێت یارمەتیدەر بین، چۆن دەتوانین بەردەوامی بدەین بە سەروەریی، سەربەخۆیی، یەکپارچەیی خاک و کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە، لەم بارەیەوە سیاسەتی خۆمان هەیە".

هاکان فیدان ئاماژەی بەوەشدا لە 27 رێککەوتننامەکەی نێوان تورکیا و عێراق دوای دەیان کۆبوونەوە لە ئاستی جۆراوجۆردا بووە لە بوارەکانی ئاو، وزە، ئاسایش، بازرگانی و رێگەی گەشەپێدان و باسی لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران سودانی و وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حوسێن کرد و وتیشی، "ئەو رێککەوتنانە لە زۆر بوار لەوانەش وزە و کشتوکاڵی، ئاودێری و گواستنەوە و گەیاندن بە سوودی هەردوو وڵاتن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە چاوەڕوانییەکانیان لە حکومەتی عێراق دژ بە پەکەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پەکەکە رێکخراوێکە کە هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا، زۆر ناوچەی عێراق لەوانەش شنگال'ی داگیرکردووە و وتیشی، "بۆیە پێویستە عێراق رێکاری تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە بگرێتە بەر، هەم بۆ ئاسایشی خۆی و هەم بۆ ئاسایشی ناوچەکە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەماهەنگی تورکیا و عێراق لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، وتی، "لەم ساڵانەی دواییدا هەردوو وڵات لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەسەر بنەمای ئاسایشی پەرەسەندنی بە خۆوە بینیوە".

وتیشی، "لەگەڵ عێراق لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە چۆن رووبەڕووی داعش بوویەوە، بە هەمان شێوەش ڕووبەڕووی پەکەکە ببنەوە".

لە میانی بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکەدا هاکان فیدان هەروەها لەبارەی پرسی چەکدانانی پەپەکەکە هاکان فیدان باسی لەوەکرد، "دوای ئەو بانگەوازەی (بۆ چەکدانان) کرا، هیوادارین، ئاواتەخوازین و خواستمان ئەوەیە کە گوێڕایەڵی بن و رێکخراوەکە وەک ئەوەی سەردەستەکەیان داوای کردووە، کۆنگرە ببەستن و خۆیان هەڵوەشێننەوە و بڕیاری چەکدادان بدەن، ئەگەر ئەوە ئەنجام بدەن، هەم عێراق، هەم تورکیا، هەم سوریا و هەم کوردەکانی و هەموو گەلانی ناوچەکە بەڕاستی سوودمەند دەبن".


AM:10:18:08/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت