ناوی ئەو سێ بارمتەیە ئاشکرا کران کە بڕیارە سبەی رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە
وێستگەنیوز_
باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس ناوی سێ بارمتەی بڵاوکردەوە کە بڕیارە سبەی شەممە 8ـی 2ـی 2025 رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە.
ئەمرۆ هەینی 7ـی 2ـی 2025 ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "لە چوارچێوەی رێککەوتنی تۆفانی ئەقسا بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوان، کەتیبەکانی قەسام بڕیاریاندا سێ بارمتەی دیکە ئازاد بکەن."
ئاماژەی بەوەشکرد، بارمتەکان بریتین لە ئێلی شەرابی، ئۆهاد بن ئامی و ئۆر لێڤی.
بەگوێرەی رێککەوتنێک، بڕیارە بارمتەکان سبەی شەممە رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بکرێن.
لای خۆشیەوە حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، هەرسێ بارمتەکە پیاون، ناوەکانیانی بەدەست گەیشتووە و خێزانەکانیانی ئاگادار کردوونەتەوە.
ئۆهاد بن ئامی تەمەنی 56 ساڵە و لە 7ـی 10ـی 2023 لە ماڵەکەی خۆی لە ئۆردووگای جوونشینی بێری لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرا.
ئێلی شەرابی تەمەنی 52 ساڵە و لە بێری دەستگیرکرا. ئەو رۆژە هاوژین و منداڵەکانی شەرابی کوژران.
سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، یاسی شەرابی، برای ئێلی شەرابی لە هەمان رۆژ بە بارمتە گیرا، بەڵام لە بارمتەیی گیانی لەدەستدا و هێشتا تەرمەکەی لە غەززەیە.
ئۆر لێڤی تەمەنی 34 ساڵە لە فێستیڤاڵی نۆڤا لە هەمان رۆژ دەستگیرکرا و ئیناڤی هاوژینی لەو رۆژەدا کوژرا.
بە وتەی بزووتنەوەی حەماس، لە بەرامبەر ئەم سێ بارمتەدا، پێشبینی دەکەن ئیسرائیل 183 بەندکراوی فەلەستینی لە زیندانەکاندا ئازادبکات.
PM:10:24:07/02/2025
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت