خامنەیی هەموو شێوازێکی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە


وێستگەنیوز_

عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو شێوازێکی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕەت دەکاتەوە.

عەلی خامنەئی لە میانەی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی بەیعەتدانی فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی ئێران بە ئیمام خومەینی لە سەردەمی ئینقلابی ئیسلامی، وتی: ئەم ڕۆژە، مێژووی لەدایکبوونی  سوپای ئێرانە.

لە بارەی دەنگۆ و ئەگەری دانوستانی نێوان تاران و واشنتن، دەڵێت: لە دەیەی ڕابردوودا دوو ساڵ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بێ ئەنجام بوو، دواجار ئەمەریکا هەموو پەیمان و بەڵێنەکانی خستە ژێر پێ، هەربۆیە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هیچ کێشەیەکی ئابووری و گوزەرانی هاوڵاتیان چارە ناکات، هەر وەکوو پێشتر کە چارەساز نەبوو.

دەشڵێت: "جگە لە ئەمریکا، تاران ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان پەرە پێبدات، ئەمە دەڵێم بەڵام ڕژێمی ئیسرائیلیش باس ناکەم، چونکە ئەو ڕژێمە هەر لە بنەڕەتدا وڵات نییە، بەڵکو گرووپێکی تاوانکار و داگیرکارە".

هەر لە قسەکانیدا، خامنەئی گوتی: ئەمریکییەکان سەرقاڵی گۆڕینی نەخشەی جیهانن و لە بارەی ئێرانیشەوە بۆچوونی خۆیان دەڵێن و هەڕەشەش دەکەن، بەڵام ئەگەر هەڕەشە لە ئێران بکەن، ئێمەش هەڕەشەیان لێدەکەین، هەربۆیە ئەگەر پەلاماری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بدەن، ئەو کاتە ئێرانیش دەستەوەستان نابێت و پەلاماری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەدات.

جەختیشی کردەوە لەوەی، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا "ژیرانە، زیرەکانە و شەرەفمەندانە" نییە.


PM:06:06:07/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو