روسیا و ئۆكرانیا ئاماری‌ زیانه‌ گیانییه‌كانی‌ یه‌كتریان راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
پاش تێپه‌ڕبوونی‌ 1000 رۆژ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی‌ جه‌نگه‌كه‌دا، روسیا رایگه‌یاند كه‌ ژماره‌ی كوژراو و بریندارانی سوپای ئۆكرانیا 900 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ سه‌ربازی‌ و هه‌واڵگرییه‌كانی‌ ئه‌مریكا ژماره‌ی كوژراوان به‌ 57 سه‌رباز مه‌زه‌نده‌ ده‌كات.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2024، وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا رایگه‌یاند كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌كه‌وه‌ هه‌زار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، واته‌ له‌ مانگی شوباتی 2022ه‌وه‌ تا ئێستا هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ ئۆكرانیا زیاتر له‌ 900 هه‌زار كوژراو و برینداری هه‌یه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی‌ ئاژانسی‌ "تاس" و وه‌زاره‌تی به‌رگری‌ روسیا، زیانه‌كانی ئۆكرانیا ته‌نها له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا له‌ زیانه‌كانی دوو ساڵی یه‌كه‌می شه‌ڕه‌كه‌ پێكه‌وه‌ زیاتر بووه‌، چونكه‌ كۆی ژماره‌ی قوربانیانی ئۆكرانیا گه‌یشتووه‌ته‌ 906 هه‌زار و 500 كوژراو و بریندار.

له‌ ماوه‌كانی‌ دواییدا رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ تا ئێستا ٥٧ هه‌زار سه‌ربازی ئۆكرانیا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

په‌یمانی‌ باكووری‌ ئه‌تڵه‌سی‌، ناتۆ ژماره‌ی كوژراو و بریندارانی روسیای به‌ زیاتر له‌ 600 هه‌زار كوژراو و بریندار مه‌زه‌نده‌ كردووه‌، هاوكات سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی رۆژئاواش رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ نێو روسه‌كاندا 200 هه‌زار كه‌س كوژراون و 400 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون.

هه‌روه‌ها حكومه‌تی ئۆكرانیا له‌ لیستی خۆیدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی شوباتی 2022ه‌وه‌ زیاتر له‌ 722 هه‌زار سه‌ربازی روسیا كوژراون یان برینداربوون.


PM:03:35:19/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو