خاوه‌نی‌ ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی فرۆشتنی خواردنی گرانبه‌های ده‌كرد: هه‌ڕه‌شه‌ی زۆرم بۆ هاتووه‌


وێستگه‌نیوز-
د.حه‌مید ئه‌حمه‌د خاوه‌نی چێشتخانه‌ی ئه‌له‌ند ستیك هاوس، ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی فرۆشتنی خواردنی گرانبه‌های ده‌كرد، رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ زری‌ بۆ هاتووه‌ و پارێزگاریش وه‌ڵامی‌ په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌ ناداته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆییه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ بڕیاری پارێزگاری هه‌ولێر، ئه‌و ڕێستۆرانته‌ی كه‌ له‌ شاره‌كه‌ بانگه‌شه‌ی فرۆشتنی جۆرێك خواردنی به‌ ناوی پیرۆزی كوردستان به‌ نرخێكی گرانبه‌ها و ئێجگار به‌رز ده‌كرد و به‌ هۆی پابه‌ند نه‌بونی به‌ یاسا و ڕێنماییه‌كان داخرا".

له‌به‌رامبه‌ردا حه‌مید ئه‌حمه‌د، خاوه‌نی ڕیستۆرانته‌كه‌ی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا وتی‌: "هه‌وڵماندا ریكۆرده‌ جیهانییه‌كان بشكێنین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دوو ساڵ به‌ جددی هه‌وڵماندا، دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ هه‌وڵه‌كه‌مان راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ حكومه‌ت بڕیاری دا ریستۆرانته‌كه‌ دابخات، نازانین هۆكاری داخستنه‌كه‌ سیاسیه‌ یاخود هۆكاری دیكه‌ی تایبه‌ت".

وتیشی‌: "ئه‌و جۆره‌ خواردنه‌ كه‌ ناومان لێنابوو (كوردستان) ته‌نها بۆ شكاندنی ریكۆردێكه‌، كتێبی گینس بۆ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان داوایان كرد بچینه‌ دوبه‌ی یان تاران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، به‌ڵام ئێمه‌ وتمان له‌ هه‌ولێر یاخود سلێمانی ئاماده‌ین و بڕیاربوو به‌منزیكانه‌ سه‌ردانمان بكه‌ن".

خاوه‌نی ڕیستۆرانته‌كه‌ باسی له‌وه‌شكرد، "له‌گه‌ڵ ستافه‌كه‌ی خۆشمان پێشتر قسه‌كان كرد و ته‌نها یه‌كجار ئه‌و جۆره‌ خواردنه‌ دورست ده‌كرێت و بۆ شكاندنی ریكۆرده‌، به‌مه‌به‌ستی فرۆشتن نییه‌".

حه‌مید ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاند كه‌ دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ هه‌واڵه‌كه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ زۆریان لێكراوه‌ و ویستووشیانه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ پارێزگاره‌وه‌ بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ڵامی‌ په‌یوه‌ندی‌ ناداته‌وه‌.


PM:04:52:19/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو