ئێران هۆشداری لە مەترسی چەکە کۆمەڵکوژەکانی ئیسرائیل دەدات


وێستگەنیوز-

باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، لە ئاستی نێودەوڵەتی، جێگەی نیگەرانی قووڵە کە رکابەرییەکی بێ وێنە و نیگەرانکەر لە بواری چەک و تەقەمەنی دەبینین.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە پێنجەمین کۆبوونەوەی کۆنفرانسی پێکهێنانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ چەکی ئەتۆمی و چەکە کۆمەڵکوژەکانی دیکە لێدوانی دا.

ئاماژەی بەوەکرد، "بەپێی بەرچاوگەی جیهانی ئێستا، بەتایبەتی شەڕی ئیسرائیل لە دژی غەززە لە یەک ساڵی رابردوو و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دیکە، لەسەر زەروورەتی دەستبەجێی پێکهێنانی ناوچەیەکی بەدوور لە چەکە کۆمەڵکوژەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەخت دەکەین".

ئەمیر سەعید رایگەیاند، "لە ئاستی نێودەوڵەتی، جێگەی نیگەرانی قووڵە کە رکابەرییەکی بێ وێنە و نیگەرانکەر لە بواری چەک و تەقەمەنی دەبینین، وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی نەک بەڵێنی خۆیان بۆ لابردنی ئەو چەکە جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو خەریکی نوێ کردنەوەی ناوەندە ئەتۆمییەکانی خۆیانن".

وتی، "لە ئاستی ناوچەییش، ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا بەدوای نوێکردنەوەی جۆرەکانی چەکی کۆمەڵکوژە بە بێ ئەوەی کە ئەندامی هیچ پەیمانێک بێت بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی لە ئاستی نێودەوڵەتی یان چاوەدێریش بکرێت".

وتیشی، "ئەو رژیمە بەردەوام خەریکی هەڕەشە و هەوڵ لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی ناسەربازی ناوچەکەیە و قسەکانی نەتانیاهۆ هەڕەشە بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و پێشنیاری وەزیری ئیسرائیلی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە غەززە، پێویستی بە دەستێوەردانی بەپەلەی ناوەندە نێودەولەتییەکان لەوانە ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییە"،

راشیگەیاند، "ئەو هەوڵە نایاسایی و نابەرپرسیارانە بە تووندی ئیدانە دەکەین و لەسەر مەترسی بوونی چەکێکی بە کۆمەڵ لە دەستی جۆرە رژیمێکی ناڕەوا جەخت دەکەین و لە ئەو بارەوەیەشەوە هۆشداریی دەدەین".




AM:08:32:19/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت