ناتانیاهۆ: ئێران له‌ سێ‌ رێگاوه‌ مه‌ترسی دروست ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند له‌هێرشه‌كه‌ی مانگی رابردوویان بۆسه‌ر ئێران به‌شێك له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌یان بۆردوومان كردووه‌، ده‌شڵێت: "ئه‌مریكا داوایكرد نه‌چینه‌ ناوچه‌ی ره‌فه‌ح له‌ غه‌ززه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ستاندنی ناردنی چه‌كی كرد.


ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌ وتارێكیدا له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی یاسادانانی نیشتمانیی (كنێست)ی وڵاته‌كه‌ی وتی‌: "له‌و هێرشه‌ی ئیسرائیل له‌ 26ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ بۆ سه‌ر ئێران ئه‌نجامیدا، به‌شێك له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران به‌ ئامانج گیرا".

وتیشی‌:"له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا گفتوگۆمان كردووه‌ هه‌ردولا له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران هاوڕاین".

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل باسی له‌وه‌شكرد كه‌ "زیانمان به‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران و خودی وڵاته‌كه‌ و موشه‌كه‌كانی گه‌یاندووه‌، به‌ڵام تا له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی رزگارمان نه‌بێت، سه‌ركه‌وتنی ته‌واو به‌ده‌ست ناهێنین".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "شه‌ڕه‌كه‌مان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ یه‌ك لایه‌نه‌ كه‌ ئێرانه‌، كه‌ به‌ سێ رێگا مه‌ترسی دروست ده‌كات، گرووپەکانی له‌ ناوچه‌كه‌دا، موشه‌ك و به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی".

سه‌باره‌ت به‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌"ئه‌مریكا داوای لێكردین له‌ رێگه‌ی وشكانییه‌وه‌ نه‌چینه‌ ناو زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی غه‌ززه‌ به‌تایبه‌تی ره‌فه‌ح، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌كرد ئه‌گه‌ر بچینه‌ ناو ره‌فه‌ح ئه‌وا گۆشه‌گیر ده‌بین و هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ستاندنی ناردنی چه‌كی كرد".

ناتانیاهۆ رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ رێككه‌وتباین له‌سه‌ر وه‌ستاندنی شه‌ڕ و كشانه‌وه‌، سه‌ربه‌خۆیی و شكۆمه‌ندیمان له‌ده‌ست ده‌دا، له‌ڕوی سه‌ربازییه‌وه‌ شكستمان ده‌هێنا، هه‌روه‌ها حه‌ماس به‌ربه‌سته‌ له‌ به‌رده‌م رێككه‌وتنی ئاڵوگۆڕكردنی دیل و بارمته‌كان".



PM:09:36:18/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت