ئه‌مریكا گڵۆپی سه‌وزی بۆ ئۆكرانیا هه‌ڵكرد تا هێرش بكاته‌سه‌ر قوڵایی روسیا


وێستگه‌نیوز-
سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ئاشكرایان كرد كه‌ ئیداره‌ی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ی هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ رێگری له‌ ئۆكرانیا ده‌كرد چه‌كه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر قووڵایی خاكی روسیا به‌كاربهێنێت، ئه‌مه‌ش گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر شه‌ڕی‌ نێوان ئۆكرانیا و روسیا.


سێ سه‌رچاوه‌ به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئۆكرانیا به‌نیازه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا یه‌كه‌م هێرشی دوور مه‌ودای خۆی ئه‌نجام بدات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م هێرشه‌ به‌هۆی نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ئاشكرا بكات.

به‌رپرسێكی ئه‌مریكی به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی وت كه‌ "واشنتۆن ڕێگه‌ی به‌ ئۆكرانیا داوه‌ كه‌ ئه‌و مووشه‌كه‌ دوور مه‌ودایانه‌ی كه‌ بۆی دابین كردووه‌، له‌ شه‌ڕ دژی روسیا به‌كاربهێنێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ كه‌ داوای كرد ناوی ئاشكرا نه‌كرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌مریكا "گڵۆپی سه‌وزی بۆ به‌كارهێنانی مووشه‌كی دوورمه‌ودا له‌لایه‌ن ئۆكرانیاوه‌ دژی‌ روسیا هه‌ڵكرد".

ئه‌م هه‌نگاوه‌ دوای چه‌ند مانگێك دێت، له‌وه‌ی‌ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا داوای كرد كه‌ رێگه‌ به‌ سوپای وڵاته‌كه‌ی بدرێت چه‌كی ئه‌مریكی به‌كاربهێنێت بۆ لێدانی ئامانجه‌ سه‌ربازییه‌كانی رووسیا دوور له‌ سنووره‌كان.


ئه‌م گۆڕانكارییه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مریكا له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی زه‌مینی كۆریای باكوور له‌لایه‌ن مۆسكۆوه‌ بۆ پاڵپشتیكردنی هێزه‌كانی روسیا دێت، كه‌ واشنتۆن و كیێڤی نیگه‌ران كردبوو.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ پێشبینییان كردووه‌ كه‌ ئۆكرانیا له‌ یه‌كه‌م هێرشیدا مووشه‌كه‌كانی ئاتاكمز به‌كاربهێنێت كه‌ مه‌وداكه‌ی ده‌گاته‌  306 كیلۆمه‌تر.

به‌شێك له‌ به‌رپرسانی ئه‌مریكی گومانیان ده‌ربڕی كه‌ ئه‌م هێرشه‌ دوور مه‌ودایانه‌ یارمه‌تیده‌ر بن بۆ گۆڕینی ڕه‌وتی شه‌ڕه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ ده‌توانێت یارمه‌تی ئۆكرانیا بدات له‌ كاتێكدا كه‌ هێزه‌كانی روسیا ده‌ستكه‌وت به‌ده‌ست ده‌هێنن. هه‌روه‌ها ڕه‌نگه‌ ئه‌م بڕیاره‌ كیێڤ بخاته‌ دۆخێكی باشتره‌وه‌ ئه‌گه‌ر دانوستانه‌كانی ئاگربه‌ست ده‌ست پێبكات.


PM:11:35:17/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت