کاندیدەکەی ترەمپ کە بێژەری هەواڵە و بۆ پۆستی وەزیری بەرگری دایناوە؛ هەرا دەنێتەوە
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بریاریدا بە کاندیدکردنی پیت هێگسێز، بۆ پۆستی وەزیری بەرگری کە هاوکات پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوزە؛ و پێشتر ئەفسەری سووپا بووە لە عێراق و ئەفغانستان، کێشە و مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ناوبراو بە "کەسێکی بێ ئەزموون، تۆمەتبار بە دەستدرێژی سێکسی و ئەندامی گرووپە تووندرەوەکان" تۆمەتبار دەکەن.
سەرباری پشتگیری سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام وا دیارە پیت هێگسێز بە ئاسانی ناتوانێت پۆستی وەزیری بەرگری بەدەستبهێنێت؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی، بەشێکی زۆری دەسەڵاتداران و ئەندامانی کۆنگرێس بە کەسێکی بێ ئەزموون ناوی دەبەن.
هەروەها کێشەیەکی دیکە کە رووبەرووی دەبێتەوە، پرسی بوونی تاتۆی سەر لاشەیەتی کە "گوزارشتە لە بە ئەندام بوون لە گرووپە تووندڕەوەکان و بە ناسیۆنالیستی سپی پێست ناوی دەبەن"، هەروەها تۆمەتی "دەستدرێژی سێکسی ئاراستە کراوەتەوە و ئەگەر بەسەریدا ساغ ببێتەوە، گرفتی گەورەی تووشدەبێت."
بۆ بەڕێوەبردنی پینتاگۆن و سەرپەرشتیکردنی سێ ملیۆن و 400 هەزار کارمەند، پیت هێکسیز، پێویستی بە پشتگیری و ئەستۆپاکی دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە، لەکاتێکدا ترەمپ بە ئاشکرا فشار دەخاتە سەر یاسادانەران بۆ ئەوەی پشتگیری بکەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵێک لەسەر کاندیدە تەمەن 44 ساڵەکە بڵاوبووەتەوە کە ڕێگاکەی قورستر دەکات، ئەو سەربازە پێشووەی هێزەکانی ئەمریکا، سێ جار هاوسەرگیری کردووە، هەروەها لە ساڵی 2017ـدا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە تۆمەتی "دەستدرێژی سێکسی" لەگەڵدا کراوە.
هەرچەندە هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە، بەڵام هێشتا گومانەکان ئاراستەی ناوبراو دەکرێن. لای خۆشییەوە، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت: ئەو رووداوە بە رێککەوتنی نهێنی کۆتایی پێهاتووە و ئەو یەکتر بینینەی هێکسیز و ئەو ئافرەتە، بە رەزامەندی هەردوولا بووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم کاندیدەی ترەمپ، سیڤییەکەی ئەزموونی شەڕکردن لە ئەفغانستان و عێراق لەخۆدەگرێت، هەروەها توانیویەتی بگاتە پلەی رائیدی سەربازی لە پاسەوانی نیشتمانی. ئەمەش وایکردووە دڵخوازی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بێت.
لە رووی خوێندنیشەوە، توانیویەتی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پرینستۆن و بڕوانامەی ماستەر لە زانکۆی هارڤارد بەدەستبهێنێت.
PM:05:40:17/11/2024
ئهم بابهته 996
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت