ئه‌مینداری‌ حزبوڵای‌ لوبنانی‌: هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا بێ به‌هایه‌


وێستگه‌نیوز-
نه‌عیم قاسم، ئه‌مینداری‌ گشتیی حزبوڵای لوبنانی رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌وان بێ به‌هایه‌ و جه‌ختی له‌ ئاماده‌گی بۆ شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كرده‌وه‌.


ئه‌مینداری‌ گشتیی حزبوڵای لوبنانی له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌بۆنه‌ی "چله‌ی كۆچی‌ دوایی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتی پێشووی حزبه‌كه‌” كه‌ له‌ ئه‌یلولی رابردوو له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كوژرا، وتی‌: "ئێمه‌ هیچ ئومێدێك له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا بنیات نانێین، جا كامالا هاریس سه‌ركه‌وتوو بێت یان دۆناڵد تره‌مپ، ئه‌مه‌ لای‌ ئێمه‌ هیچ به‌هایه‌كی‌ نییه‌".

وتیشی‌: "حزبوڵا ده‌یان هه‌زار چه‌كداری به‌رگریكاری‌ مه‌شقپێكراوی‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر دوژمن گره‌و له‌سه‌ر شه‌ڕ بكات ئێمه‌ ئاماده‌ین، هه‌رچه‌ند كات بخایه‌نێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "چاوه‌ڕوانمان ده‌كرد رۆژێك شه‌ڕی ئیسرائیل رووبدات، بۆیه‌ خۆمان ئاماده‌كرد".

ناوبراو له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: "ده‌یان هه‌زار شه‌ڕكه‌ری راهێنراومان هه‌یه‌ كه‌ توانای‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و خۆڕاگرییان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها توانای پێویستمان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌یه‌".

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌: "ته‌نها مه‌یدان ده‌توانێت ده‌ستدرێژییه‌كان له‌سه‌ر سنووربوه‌ستێنێت، جگه‌ له‌ به‌ره‌ی ناوخۆی ئیسرائیل".

نه‌عیم قاسم باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ره‌تیده‌كاته‌وه‌ واده‌یه‌ك بۆ كۆتاییهاتنی شه‌ڕه‌كه‌ دیاری بكات و رووبه‌ڕووی پڕۆژه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ غه‌ززه‌، فه‌له‌ستین و لوبنانه‌وه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".

ناوبراو پێیوایه‌ كه‌ "هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی‌ ئیسرائیل له‌ ڕێگه‌ی شه‌ڕی لوبنانه‌وه‌ ئامانجی كۆتاییهێنانه‌ به‌ بوونی حزبوڵا و داگیركردنی لوبنان ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌ دووریشه‌وه‌ بێت هاوشێوه‌ی كه‌رتی رۆژئاوای‌ فه‌له‌ستین و كاركردن له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".

راشیگه‌یاند كه‌ "بژارده‌ی‌ تایبه‌تی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێگری له‌ داگیركاری بكه‌ین له‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ دوژمنكارییه‌كانی و له‌ فه‌رهه‌نگه‌كه‌ماندا جگه‌ له‌ به‌رخۆدانی به‌رده‌وام شتێكی‌ تر بوونی‌ نییه‌".


PM:08:11:06/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت