ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ به‌ ناتانیاهۆ ده‌كات: بکوژێک لە کۆنگرێسی ئەمریکادا چەپڵەی بۆ لێدرا


وێستگه‌ نیوزـ

سەرکۆماری تورکیا ڕەخنەی لە کۆنگرێسی ئەمریکا گرت کە نەک ڕێگەی داوە بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل وتار پێشکەش بکات، بەڵکو چەپڵەشی بۆ لێداوە و وتی: "هەموو جیهان شایەتی ئەوە بوو کە چۆن بکوژێک لە کۆنگرێسی ئەمریکادا چەپڵەی بۆ لێدرا، کەسێک چەپڵەی بۆ لێدەدرێت کە خزمەتی بە مرۆڤایەتی کردبێت".

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ ناوه‌رۆكی وتاره‌كه‌ی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیای بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە هاندانی بەرنامەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا کە لە ناوەندی کلتوری ئاتاتورک پێشکەشی كرد و ئەردۆغان له‌ به‌شێكیدا وتی: "بەرەبەرە کاتی ئەو سیستەمە بەسەردەچێت کە سەرکەوتووەکانی جەنگی دووهەمی جیهانی لەڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازیی و دیپلۆماسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بنیادیان نابوو".

په‌یوه‌یست به‌ رێوره‌سمه‌كه‌ و بواری ته‌كنه‌لۆجیان، ئه‌ردۆغان وتی: "هەوڵی دامەزراندنی 10 کارگەمان داوە و ئەوانە نمونەیەکن بۆ گۆڕانکاری ئاراستەی کارایی پیشەسازیمان. لە داهاتوودا ئەم ژمارەیە دەگەیەنینە 14 کارگە. تورکیا دەبێتە پێشڕەوی سەردەمێکی نوێ کە تێدا ئەو پەڵە هەورەی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو جیهان لەوانەش وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە، دەڕوێتەوە. ڕێگەمان بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی گەورەی دروستکردنی ئۆتۆمبێل خۆش کردووە بۆ ئەوەی لە تورکیا دەست بە وەبەرهێنان لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بکەن (کەرتی ئۆتۆمبێل) پاکێجی هاندانی پێنج ساڵیمان دەست پێ دەکەین کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆماڵییە بۆ یەک ملیۆن لە ساڵدا".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، ئه‌ردۆغان باسی له‌و وتاره‌ كرد كه‌ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکەشی کرد و لۆمەی كۆنگرێسی كرد و وتی: "هەموو جیهان شایەتی ئەوە بوو کە چۆن بکوژێک لە کۆنگرێسی ئەمریکادا چەپڵەی بۆ لێدرا، کەسێک چەپڵەی بۆ لێدەدرێت کە خزمەتی بە مرۆڤایەتی کردبێت. بیری لێ بکەنەوە، بکوژی 40 هەزار مرۆڤ لە منداڵ، ژن و پیرەوە لە کۆنگرێسدا چەپڵەی بۆ لێدەدرێت، کە دێتە قسە، ئەوانەی کە وانەی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بە هەموو جیهان دەڵێنەوە، شەرم ناکەن لەوەی هیتلەری سەدەکەمان بکەنە تاجی سەر".

وتیشی: "بەرەوڕووی عەقلییەتێکین کە نەک پێشوازی لە بکوژێک دەکات کە دەستی بە خوێنی 150 هەزار خەڵکی غەززە سورە، بەڵکو گوێ لە وتە پووچەکانی ڕادەگرێت و چەپڵەی بۆ لێدەدات".


PM:10:18:26/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت