دوای ده‌یه‌یه‌ك له‌ دابڕان سیسی و ئه‌ردۆغان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ 17 رێکكه‌وتنی هاریكاری واژۆ ده‌كه‌ن


وێستگەنیوز-

دوێنێ چوار شه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلولی 2024، دوای زیاد له‌ ده‌ ساڵ له‌ دابڕان، له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا و هاوتا میسرییه‌كه‌ی عه‌بدولفه‌تاح سیسی، خواستی خۆیان بۆ "به‌هێزكردنی هاریكاری نێوان هه‌ردوولا" ‌دووپاتكرده‌وه‌.

ئه‌ردۆغان له‌ دوای كۆتایهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ل سیسی رایگه‌یاند، "هاریكارییه‌كانمان له‌ هه‌مو بواره‌كاندا به‌هێزتر ده‌كه‌ین"، پێشتر سیسی له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی شوباتی رابردوو، له‌ قاهیره‌ پێشوازی له‌ ئه‌ردۆغان كردبوو.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ له‌ كاتی هاتنه‌خواره‌وه‌ی سیسی له‌ فڕۆكه‌كه‌ی كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی فه‌رمییه‌تی بۆ توركیا، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی توركیاوه‌ پێشوازی لێكرا و له‌وێدا ئه‌ردۆغان به‌ سیسی ده‌ڵێت، "به‌خێربێیت برای ئازیز"، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌ردۆغان، پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سیسی به‌ "سته‌مكا‌ر" و "بكوژ" وه‌سف ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی سه‌رۆكایه‌تیی توركیا، رۆژی چوارشه‌ممه‌، سیسی و ئه‌ردۆغان 17 رێكه‌وتنی هاریكارییان واژۆكردووه‌ و هه‌ردووكیان له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووساندا، جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا، ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوانیان ساڵانه‌ بۆ 15 ملیار دۆلار به‌رزبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا كه‌متره‌ له‌ 10 ملیار دۆلار.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه و هه‌ر به‌ گوێره‌ی سه‌رۆكایه‌تی توركیا، هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه‌ باسیان له‌ "ئه‌گه‌ری پێدانی" درۆنی توركیا بۆ میسر كردووه‌.

له‌ مانگی شوباتی رابردوو، هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند توركیا له‌گه‌ڵ میسر "رێکكه‌وتووه‌"، ئه‌و درۆنانه‌ بدات به‌ میسر كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یدات به‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌فریقی.

له‌ هه‌مان ئه‌و مانگه‌دا و له‌ قاهیره‌، سیسی و ئه‌ردۆغان "لاپه‌ڕیه‌كی نوێ"یان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2013وه‌ تێكچووبوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیسی كه‌ له‌و كاته‌دا وه‌زیری به‌رگری میسر بوو، محه‌ممه‌د مورسی سه‌ر به‌ گروپی ئیخوان موسلمینی هاوپه‌یمانی توركیا، له‌سه‌ر ‌حوكم لادا.

له‌و ساته‌وه‌خته‌وه‌ ئه‌ردۆغان چه‌ندجارێك ئه‌وه‌ی دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ "هه‌رگیز له‌گه‌ڵ كه‌سێكی وه‌ك ئه‌و قسه‌ ناكات"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكی میسر.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌، ئه‌ردۆغان كه‌ له‌كاتی به‌رپابوونی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس، وڵاته‌كه‌ی، چه‌ند كه‌شتییه‌كی هاریكاری مرۆیی، له‌ به‌نده‌ری عه‌ریشی میسرییه‌وه، ره‌وانه‌ی غه‌ززه‌ كردووه‌، پێداگری كرد له‌سه‌ر‌ ئه‌وه‌ی، "گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ست و گه‌یاندنی یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌، كاری له‌ پێشینه‌مانه‌".

ئه‌ردۆغان دوای ئه‌وه‌ی قسه‌ی ده‌رباره‌ی "كاره‌ساته‌ مرۆییه‌كانی غه‌ززه‌" كرد‌، سووربوو‌ له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ست و راگرتنی شه‌ڕه‌كه‌ و داوای له‌ سیسی كردووه‌: "په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی كه‌ناری خۆرئاوا رابگرێت" كه‌ له‌ ساڵی 1967وه‌، ئیسرائیل داگیریكردووه‌ و نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌، هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌و ناوچه‌یه‌دا ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی به‌رفراوانیان ده‌ستپێكردووه‌.


PM:06:26:05/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو