تره‌مپ: ئه‌گه‌ر ئێران تیرۆرم بكات ده‌بێت له‌سه‌ر رووی زه‌وی بسڕدرێته‌وه‌

‌دۆناڵد تره‌مپ، كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا

وێستگه‌نیوزـ

دۆناڵد تره‌مپ، كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 25ی ته‌مموزی 2024، له‌ پۆستێكی سۆشیال میدیا، باسی له‌ سرینه‌وه‌ی ئێران كردووه‌ و تیایدا په‌نایبردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و شێوازه‌ ئاگرینیانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا به‌كاریده‌هێنا.

ترامپ له‌ پۆسته‌كه‌یدا له‌سه‌ر‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی Truth Social نووسیویه‌تی: "ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌رۆك تره‌مپ تیرۆر بكه‌ن، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێكه‌ هه‌میشه‌ بۆی هه‌یه‌ رووبدات، هیوادارم ئه‌مریكا ئێران له‌ناوببات‌، ئێران له‌سه‌ر رووی زه‌وی بسڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه رووینه‌دا، ئه‌وا سه‌ركرده‌كانی ئه‌مریكا به‌ ترسنۆك و بێغیره‌ت داده‌نرێن".

تره‌مپ له‌گه‌ڵ پۆسته‌كه‌یدا، تۆمارێكی ڤیدیۆیی بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیلی هاوپێچ كردووه‌،‌ تیایدا ناتانیاهۆ، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، له‌به‌رده‌م كۆنگرێسی ئه‌مریكا قسه‌ ده‌كات و باس له‌ پلانێكی ئێرانی ده‌كات تره‌مپ كراوه‌ته‌ ئامانج.

له‌م باره‌یه‌وه‌، هه‌فته‌ی رابردوو میدیاكانی ئه‌مریكا، رایانگه‌یاند: ده‌زگای خزمه‌تگوزاری نهێنی، رێوشوێنه‌كانی خۆی بۆ پاراستنی تره‌مپ به‌هێزتر كردووه‌، ئه‌مه‌ دوای ئاشكرابوونی "هه‌ڕه‌شه‌كان" كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی پلانێكی ئێرانه‌ بۆ تیرۆركردنی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا.

به‌ڵام میدیاكانی ئه‌مریكا جه‌ختیان له‌وه‌شكرده‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان ئه‌م پلانه‌ی ئێران و ئه‌و هه‌وڵی تیرۆركردنه‌ نییه‌ كه‌ كاندیده‌كه‌ی كۆمارییه‌كان رو‌وبه‌رووی بووه‌وه‌.

تۆڕی هه‌واڵی سی ئێن ئێن، رایگه‌یاند: ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا، زانیاریان سه‌باره‌ت به‌ پلانه‌كه‌ی ئێران بۆ به‌ئامانجگرتنی تره‌مپ پێگه‌یشتووه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌پێناو پاراستنی تره‌مپ، رێوشوێنی ئه‌منی تۆكمه‌ و به‌هێزتر گیراوه‌ته‌به‌ر.

سه‌روه‌ختێك له‌ ساڵی 2020، به‌ بڕیاری تره‌مپ كه‌ له‌و كاته‌دا سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو، قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران ده‌كوژرێت، ئێران هه‌وڵی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌دات و په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌كانی نێوان واشنتن و ئێران گه‌شته‌ لێواری ته‌قینه‌وه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "ئه‌وان ساڵانێكه‌ به‌دواداچوون و چاودێری هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن، دژ به‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی پێشوو له‌ ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ".

ئه‌م پۆسته‌ نوێیه‌ی تره‌مپ، رووداوێكی مشتومڕاوی هێنایه‌وه‌ به‌رچاو كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2019، له‌و ساڵه‌دا تره‌مپ به‌ زمانێكی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئێران هێرش بكاته‌ سه‌ر: "هه‌ر شتێكی ئه‌مریكی"، ئه‌وا ئێران ده‌سڕێته‌وه‌.


PM:12:25:26/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت