سه‌ركرده‌یه‌كی تالیبان هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئێران و به‌ ده‌وڵه‌تێكی "كافر" ناوی ده‌بات

‌عه‌بدولحه‌مید خۆراسانی فه‌رمانده‌ی هێزی كۆماندۆی تاڵیبان

وێستگه‌ نیوزـ

له‌م رۆژانه‌ی دوایدا، راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ شاره‌ جیاوازه‌كانی ئێران، له‌وانه‌ش تارانی پایته‌خت، به‌ كۆمه‌ڵ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كۆچبه‌ره‌ ئه‌فغانییه‌كان. هه‌ندێك له‌و راپۆرتانه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كۆچبه‌ره‌ ئه‌فغانییه‌كان روبه‌ڕووی لێدان و ماڵ سووتان بوونه‌ته‌وه‌.

گرتنه‌به‌ری ئه‌و هه‌نگاوانه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌فته‌ی رابردوو، سێ په‌نابه‌ری ئه‌فغان، له‌ ناوچه‌ی پانزه‌ له‌ تارانی پایته‌خت، گه‌نجێكی ئێرانیان كوشتووه‌.

له‌گه‌ڵ زیادبوونی ئه‌و جۆره‌ روبه‌ڕووبوونه‌وانه‌ له‌ نێوان ئێرانییه‌كان له‌لایه‌ك و په‌نابه‌ره‌ ئه‌فغانییه‌كان له‌لایه‌كی دی، عه‌بدولحه‌مید خۆراسانی فه‌رمانده‌ی هێزی كۆماندۆی سه‌ر به‌ حكومه‌تی تاڵیبانی ئه‌فغانستان، بێده‌نگی شكاند و هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر حكومه‌ت و گه‌لی ئێران.

خۆراسانی به‌ هه‌ڵوێسته‌ توونده‌كانی دژ به‌ ئێران ناسراوه‌ و به‌ گوێره‌ی راپۆرتێك كه‌ پێگه‌ی به‌غداد ئه‌لیوم وه‌ریگێڕاوه‌و بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، خۆراسانی ده‌ڵێت حكومه‌تی ئێران، حكومه‌تێكی "كافر و دڵڕه‌قه‌‌"، گه‌لی ئێرانی موشریكن‌ و "له‌ جوله‌كه‌ و مه‌سیحییه‌كان خراپترن‌".
خۆراسانی داوای له‌ په‌نابه‌ره‌ ئه‌فغانییه‌كان كردووه،‌ پێویسته‌ به‌ره‌نگاری ئێرانییه‌كان ببنه‌وه‌ و به‌ په‌نابه‌ره‌ گه‌نجه‌كانی ئه‌فغانستان ده‌ڵێت: "له‌سه‌ریانه‌ به‌ چه‌قۆ په‌لاماری ئێرانییه‌ دڕنده‌كان بده‌ن".

تا ئێستا بزووتنه‌وه‌ی تالیبان، سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كانی خۆراسانی كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌ڵكشانی زیاتری ئاڵۆزییه‌كانی نێوان تاران و كابول، هه‌ڵوێستی فه‌رمی خۆی رانه‌گه‌یاندووه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێدایه‌ ئێران په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی و ئابوری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی تالیبان هه‌یه‌.

ئاشكرایه‌ بزووتنه‌وه‌ی تووندڕه‌وی تالیبان، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی ساڵی 2021، هاوكات له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و بیانییه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌دا، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و حوكمی ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، نزیكه‌ی 5 ملیۆن ئه‌فغانی له‌ ئێران په‌نابه‌رن، داتاكان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ژماره‌كه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌، چونكه‌ به‌شی زۆریان ناویان لای ده‌سه‌ڵاتداران تۆمار نه‌كراوه‌.

له‌و كاته‌وه‌ی تالیبان ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، كۆچی هاوڵاتیانی ئه‌فغانستان زیادی كردووه‌ و رێژه‌ی هه‌ژاری و بێكاری و سه‌ركوتكردنی ئازادییه‌كان زۆرتر بووه‌.


PM:03:10:25/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت