ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی..ئه‌ندامانی كۆنگرێس چه‌ند جار چه‌پڵه‌یان بۆ ناتانیاهۆدا لێدا‌


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌و وتاره‌ی بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، دوێنێ چوار شه‌ممه‌ 23ی ته‌موزی 2024، له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌مریكا پێشكه‌شی كرد، له‌لایه‌ن ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی ئاماده‌ی دانیشتنه‌ "مێژوییه‌كه‌" بوون، پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ و فراوانی لێكرا و به‌ تووندی چپڵه‌یان بۆ لێده‌دا.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌ وتاره‌‌ درێژه‌كه‌یدا، له‌ كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی كۆنگرێس، چه‌ندین تێبینی و لێدوانی خسته‌ڕوو، له‌وانه‌ دیدگای خۆی بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌ دوای قۆناغی كۆتایهاتنی شه‌ڕه‌كه‌، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی ئیسرائیل بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئێران هه‌وڵی دروستكردنی ده‌دات، ستایشكردنی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پشتگیریكردنی وڵاته‌كه‌ی له‌ روبه‌بووبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و حزبوڵڵای لوبنانی.

به‌ڵام ده‌یان نوێنه‌ری پارتی كۆمارییه‌كان بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردبوو، ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگای سه‌رنج بوو، ئه‌و چه‌پڵه‌رێزانه‌ توونده‌ی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا بوو بۆ وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل كه‌ ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆماركردووه‌.

پێگه‌ی سكای نیوزی عه‌ره‌بی، ژماره‌ی چه‌پڵه‌لێدانه‌كانی ژماردووه‌ و ده‌ڵێت له‌ وتاره‌ په‌نجا و دوو خوله‌كییه‌كه‌دا، هه‌ر له‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی ناتانیاهۆ بۆ ناو هۆڵه‌كه‌ و پێشوازییه‌ گه‌رم و گوڕه‌كه‌ی تا ته‌واوبوونی وتاره‌كه‌، 81 جار چه‌پڵه‌یان بۆ لێداوه‌. واته‌ تێكڕای چه‌پڵه‌لێدان بۆ ناتانیاهۆ له‌ ناو كۆنگرێس، هه‌ر 40 چركه‌ جارێك به‌ شێوه‌ی پچڕ پچڕ، چه‌پڵه‌یان بۆ لێداوه‌.

له‌ ساته‌وه‌ختی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ناتانیاهۆ بۆ هۆڵی كۆنگرێس و تا گه‌یشتنی بۆ سه‌ر سه‌كۆی سه‌ره‌كی و پێشكه‌شكردنی وتاره‌كه‌ی، زۆرترین ماوه‌ی چه‌پڵه‌ لێدانه‌كه‌ بووه‌ و نزیكه‌ی 3 خووله‌ك و 13 چركه‌ی خایاندووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌پڵه‌كه‌ به‌رده‌وام بووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی مایك جۆنسۆن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، روخسته‌ی پێداوه‌ وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ نزیكه‌ی نیوه‌ی نوێنه‌رانی پارتی دیموكراته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و پیران، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌سه‌ر به‌رده‌وامی ناتانیاهۆ بۆ شه‌ڕی غه‌ززه‌، بایكۆتی وتاره‌كه‌ی ناتانیاهۆیان كردبوو، له‌وانه‌ نانسی بیلوسی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.


PM:02:34:25/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت