چوار ساڵ دوای کۆمەڵکوژییەکانی ئۆکتۆبەر.. بکوژەکان ئازادن

‌دیمه‌نێك له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری 2019ی مه‌یدانی ته‌حریر له‌ به‌غدا

وێستگه‌نیوزـ بەغدا/ سامر ئەحمەد

چوار ساڵ تێپەڕ بوو بەسەر خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019، کە داوای چاکسازی سیاسی و کۆتاییهێنان بەسیستمی گەندەڵی دەکرد، کەچارەکێک لە دانیشتوانی عێراقی خستە لێواری هەژارییەوە، ئەوانەی دەستیان هەبوو لە کۆمەڵکوژییەکە بەئازادی دەسوورێنەوە، داتای قوربانییەکان دیار نەماوە و بریندارەکانیش بە بێدەنگی ئازار دەچێژن، لە کاتێکدا بنەماڵەی قوربانییەکان چاوەڕێی تۆڵەسەندنەوەی خودایین. 

"ئەو لە دووری 70 مەتر لەبەردەمم دانیشتبوو،خۆی ئامادەکرد ولولەی تفەنگەکەی ئاڕاستەی من کرد،"ئەمە ئەو کاتەیە کە حەیدەر پاشای تەمەن 33 ساڵ باسی دوا ساتەکانی لەدەستدانی یەکێک لەچاوەکانی دەکات لە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەردا، کەلاوانی عێراقی بەرپایانکرد دژی گەندەڵی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق لە 22ی نۆڤەمبەری 2019دا لەسەر پردی(ئەحرار) لە ناوەندی بەغدای پایتەخت بوو، ئەوساتانەی بەباشی بیردەکەوێتەوە، بەتایبەتی ئەو تەقەکەرەی کەتەقەی لێکرد وبەهۆیەوە چاوێکی لەدەستدا. ئەوبە وشەیەکی لەرزۆک دەڵێت: "هەرگیز ئەو ڕۆژە لەبیر ناکەم" وهەمان ڕستە دووبارە دەکاتەوە.

حەیدەر لەسەر کورسییەکی دار لە قاوەخانەی (رزا عەلوان) لە ناوچەی کەرادەی ناوەندی بەغدا دانیشتبوو و چاویلکەیەکی رەشی لەچاودا بوو کەبە درێژایی گفتوگۆکەی لەگەڵ ئێمەدا لای نەبرد.

حەیدەر بەهاوڕێکانی دەڵێت: "پێکدادانەکان لەو رۆژەدا لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس زۆرتوندوتیژ بوو، ئێمە سەرقاڵ بووین بەگواستنەوەی قوربانییەکان و بریندارەکان بەماتۆڕسکیلی (تۆک تۆک) بۆ ئەو نەخۆشخانە مەیدانییەی کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە شەقامی رەشید نزیک گۆڕەپانی تەحریر دامەزرابوو".

حەیدەر بەردەوامبوو لەقسەکانی وتی: "من لەگەڵ کۆمەڵێک تیمی خۆبەخشدا بووم لەسەر پردی ئەحرار، چارەسەری 26 خۆپیشاندەری بریندارمان دەکرد و نەمدەزانی کە دەبم بەژمارە 27".

حەیدەر هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا وتی: "یەکێک لە پۆلیسەکان تەقەی لێکردم بە بۆمبێکی دووکەڵ، ڕاستەوخۆ بۆمبەکە بەر سەرم کەوت، ئەومەبەستی کوشتنم بوو، بەڵام خودا لەمردن ڕزگاری کردم".

"لەوساتەدا هۆشم لەدەست نەدا و گواسترامەوە بۆ نەخۆشخانە مەیدانییەکەی خۆپیشاندەران ولەوێشەوە بە (تۆک تۆک) منیان گەیاندە نەخۆشخانەی تایبەت بە دەمار لە ناوەندی بەغدا، پێش ئەوەی بچمە ژووری نەشتەرگەری هۆشم لەدەستدا، دوای 48 کاتژمێر بەهۆش هاتمەوە ودواتر بۆم دەرکەوت کە چاوی راستم لەدەستداوە." حەیدەر پاشا وای وت.

خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر دوای ڕووخاندنی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو عادل عەبدولمەهدی وکوشتنی زیاتر لە 550 خۆپیشاندەر کە زۆربەیان لاوبوون وبریندار بوونی زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکە، کۆتایی هات بەبێ ئەوەی سەرکەوتووبێت لە گۆڕینی چینی دەسەڵاتدار وکۆتاییهێنان بە سیستمی" پشک پشکێنە" کەهۆکاری سەرەکی گەندەڵی ولاواز بوونی دامەزراوەکان و خراپبوونی خزمەتگوزارییەکان وبەرزی رێژەی هەژاریە لە پارێزگاکانی باشووری وڵات.

نزیکەی ساڵێک دواتر، حەیدەر پاشا گەشتی بۆ تارانی پایتەختی ئێران کرد، بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ"لابردنی چاو" بە پشتیوانی "رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی" کە بری 5 هەزار دۆلاریان بۆ خەرج کرد، لە کاتێکدا بەڵێنەکانی چینە سیاسییەکان وەک بڵقی سەر ئاو بوون وشکستیان هێنا لەبەدیهێنانی چاکسازی وکۆتاییهێنان بەسیاسەتی "پشک پشکێنە" وقەرەبووکردنەوەی  قوربانییەکان وچارەسەرکردنی بریندارەکان.

حەیدەر دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2020 دا، بوو بەئەندامی تیمی پشتیوانی بریندارەکانی ئۆکتۆبەر، کەتوانیویانە نەشتەرگەری بۆ 20 خۆپیشاندەر لەناوەوە و دەرەوەی عێراق بەسەرکەوتوویی ئەنجامبدەن.

چوار ساڵ دوای خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر 2019 دا کە داوای چاکسازی سیاسی و کۆتاییهێنان بەسیستمی گەندەڵی دەکرد کە چارەکێک لە دانیشتوانی وڵاتەکەی خستە لێواری هەژارییەوە، ئەوانەی تێوەگلابوون لە کۆمەڵکوژییەکە دەربازبوون و بەئازادی دەسوورێنەوە وداتای قوربانییەکان دیار نەما وبریندارەکانیش بە بێدەنگی ئازار دەچێژن، لە کاتێکدا بنەماڵەی قوربانییەکان چاوەڕێی تۆڵەسەندنەوەی خودایین بەهۆی شکستی ئەو سێ دەسەڵاتەی کە ملکەچی حیزبە دەسەڵاتدارەکانن لە دەستگیرکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران ولێپرسینەوەیان وهەوڵدانیان بۆشاردنەوەی تۆمەتباران ولابردنی تۆمەتەکانی سەریان، گەنجە بریندارەکە (حەیدەر پاشا) سکاڵایەکی یاسایی لەدادگای تاوانی (ڕەسافه) تۆمارکرد دژی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان. 

حەیدەر دەڵێت:"بەداخەوە کەیسەکە بەبێ هیچ ئەنجامێک داخرا، وەک ئەوەی لەگەڵ بریندار وقوربانییەکانی دیکەی خۆپیشاندانەکان ڕوویدا کە دۆسیەکانیان لە دادگاکاندا داخرابوون، هەرچەندە ئەنجامدەرەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ناسراون، بەڵام کەس ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات".

لە 12ی کانوونی دووەمی 2022، هیومان ڕایتس ۆوچ ڕایگەیاند کە "هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی لە کەیسەکانی کوشتن وونبوونی خۆپیشاندەران لە عێراق بەدەست نەهاتووە، کە ڕێکخراوەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە، تەنانەت بۆ کوشتنی" کەسە دیارەکانیش"، ئاماژەی بەوەداوە کە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان زۆر لەسەر خۆ وبە قورسی دەڕوات. 

سودانی لەسەر رێچکەی کەسانی پێش خۆی
چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بە حکومەتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی بەخشی لە 27ی ئۆکتۆبەری 2022، ئەو لە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەردا لەگەڵ کۆمەڵێک بریندار کۆبووەوە و لەسەر رێچکەی سەرۆکی وەزیرانی پێش خۆی، بەڵێنیدا لێکۆڵینەوەی جددی سەبارەت بە دۆسیەکانی کوژراو وبریندارەکانی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر بکات.

لە کۆبوونەوەکەدا، سودانی داوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانی کرد سەبارەت بە ڕووداوەکانی خۆپیشاندانەکان وچالاککردنی لیژنەی فەرمانی دیوانی (293) بۆ قوربانیانی خۆپیشاندەران وهێزە ئەمنییەکان، کەهەمان لیژنەیە کە کازمی پێکهێنابوو.

نووسینگەی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە لە 2ی نیسانی 2023 دا بڵاوکراوەتەوە، نووسینگەکە نووسیویەتی "لە نۆڤەبەری2022، سەرۆک وەزیران فەرمانی بە چالاککردنی کارەکانی لیژنەی "لێکۆڵینەوە وبەدواداچوونی راستییەکان" و پەیوەندیکردن بە  نوێنەرانی خۆپیشاندانەکانەوە کرد. 

نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەو ڕێوشوێنانە کردووە کە لەلایەن لیژنەکەوە گیراونەتە بەر، لەوانە "لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە(215) کەیس کە لە دادگای لێکۆڵینەوەی(ڕەسافە)بەدەست هاتوون ودەستگەیشتن بە زیاتر لە( 5 هەزار و375) بەڵگەنامەی فەرمی لەوانە ڕاپۆرتی پزیشکی، فۆرمی پشکنین وڕاپۆرتی پسپۆڕی دادوەری و لیژنەکە بەردەوامە لە پشکنینی ئەو بەڵگەنامانەی لە دادگاکانی پێداچوونەوەوە وەریانگرتووە".

نزیکەی ساڵێک دوای ئەونامەیە،هیچ پێشکەوتنێک لە دۆسیەکانی لێکۆڵینەوەی قوربانییەکان ڕانەگەیەنراوە، حکومەتیش بەڵێنەکانی بەردەوام دووبارە دەکاتەوە بەبێ هیچ کردارێکی ڕاستەقینە.

مستەفا چاسب ئەلهلێجی (تەمەن 30 ساڵ)، برای پارێزەر عەلی چاسب (باوکی دوو منداڵە) کە لە 8ی ئۆکتۆبەری 2019 لە کاتی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای مەیسان ( 320 کیلومەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا) ڕفێندراوە وتائێستا بێسەروشوێنه، هێشتا چاوەڕێی چارەنووسی براکەیەتی وبە پەرۆشە بۆدۆزینەوەی تەرمەکەی دوای ئەوەی خێزانەکەی بێ هێوابوون لە دۆزینەوەی بەزیندوویی چاسب داوای لێپرسینەوە لە بکوژەکەی باوکی دەکات (ئەحمەد ئەلهلێجی)، کە دەڵێت بکۆژەکەی باوکی بەئازادی دەسوڕێتەوە.

لە 10ی ئازاری 2021، چەکدارەکان لە شاری عەمارە (ناوەندی پارێزگای مەیسان) ئەحمەد ئەلهلێجییان کوشت، باوکی مستەفا وعەلی، ئەحمەد پێش ئەوەی تیرۆر بکرێت هەموو رێکارێکی گرتە بەر بۆ گەیشتن بە چارەنووسی کوڕە ڕفێندراوەکەی( پارێزەرعەلی) وسەرکەوتوو بوو لە جوڵاندنی ڕای گشتی. 

چەند کاتژمێرێک بەرلە تیرۆرکردنی، ئەحمەد بەشداری لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوشتنی چالاکوان (عەبدول قەدوس قاسم) کردبوو کە لە  11-3-2020 تیرۆرکرا  دوای پێنج مانگ لە ڕفاندنی ( پارێزەرعەلی چاسب) لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە لەبەردەم مزگەوتی ڕاوی لە(عەمارە) ناوەندنی پارێزگای مەیسان. 

دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاکە کوشتنی ئەحمەدیان گەڕاندووەتەوە بۆ کێشەی خێڵایەتی، بەگوێرەی کوڕەکەی مستەفا، کە سکاڵایەکی لە دادگای مەیسان تۆمارکردووە ولایەنی (ئەنساروالله ئەل ئەوفیا‌و) تۆمەتبارکردووە بە کوشتنی باوکی، مستەفا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "کوشتنەکە تەنها تاوانکارییە وهیچ پەیوەندییەکی بەکێشەی خێڵایەتییەوە نییە."

قەرەبووکردنەوە وگەشتی چارەسەر
خانەوادەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر لەلایەن حکومەتەوە قەرەبووکرانەوە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کە لە 21ی ئابی 2020 دەرچوو لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە (20) ی ساڵی 2009 کە ئاماژە بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە دەدات کە زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان وهەڵە سەربازییەکان وئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانەوە قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان بریتی بوو لەخانەنشینی وقەرەبووکردنەوەی دارایی.  

حەیدەر پاشا، قەرەبوویەکی  دارایی بە بڕی 14 ملیۆن دینار ومووچەیەکی مانگانەی 800 هەزار دینار وەرگرت، کە بەشێکی زۆر لە پارەی قەربوو کردنەوە بۆ چارەسەری پزیشکی خەرج کردووە، بەڵام حەیدەر ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا دەیان بریندارهەن هیچ مافێکیان وەرنەگرتووە. 

ئەم قەرەبووکردنەوەیە لەلایەن زۆربەی بریندارەکانەوە بە سادە وەسف دەکرێت بەهۆی تێچووی بەرزی چارەسەر، بەتایبەتی ئەو حاڵەتانەی کە پێویستیان بە چارەسەروچاودێری بەردەوام هەیە.

تۆمەتبارەکان بەجل و بەرگی سەربازییەوە
لەماڵی خێزانەکەی (سەفا ئەلسەرای) کە یەکێکە لەقوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتوبەر، کەهارورێکانی بە"ئایکۆنی ئۆکتوبەر" ناوی دەبەن، سەفا بەهۆی گولەیەکی گازی فرمێسکڕژێنەوە کە بەر سەری کەوت لە 28ی ئۆکتوبەری  2019 دا کوژرا، دانەری ڕاپۆرتەکە لەگەڵ براکەی(بەها) لەماڵی خێزانەکی لە شاری بەغداد، کۆبووەوە،(بەها) حکومەتی تۆمەتبار کرد بەکوشتنی براکەی و خۆپیشاندەران.

بەها دەڵێت:"حکومەتەکەی سەرۆک وەزیرانی پێشووعادل عەبدولمەهدی، هەوڵی دا خۆپیشاندانەکان دابمرکێنێتەوە بە بەکارهێنانی هەموو ئەو توانا وهێزەی کە لەبەردەستیدابوو ورێگەی دا بەچەکدارانی میلیشیاکان بەجلی سەربازییەوە رێگری لە خۆپیشاندەران بکەن ونەهێڵن نزیک ببنەوە یان هێرش بکەنە سەر ناوچەی سەوز کە باڵەخانەکانی حکومەت وبارەگای نێردە دیپلۆماسییەکانی تێدایە".

ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لەناوەوە ودەرەوەی گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانەکان کوژراون بە نزیکەی 800 کەس مەزەندە دەکات وپێیوایە "دەزگا ئەمنییەکان بە مەبەست هەندێک لە کوژراوەکانیان وەک قوربانی ڕووداوەکانی توندوتیژی خێڵەکی یان کوشتنی تاوانکاری تۆمارکردووە لەهەوڵێکدا بۆخۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی یاسایی وشاردنەوەی ناسنامەی بکەرەکان."

جوڵانەوەی جەماوەری لە عێراق کە لە بەغدا وشارەکانی باشووری وڵاتەکە لە سەرەتای ئۆکتۆبەری 2019دا چڕبووەوە ودەستی پێکرد لەلایەن چالاکوانە  گەنجەکانەوە کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە  بانگەشەی گۆڕانکارییان دەکرد، لەسەرەتادا لایەنە دەسەڵاتدارەکان گۆێی پێ نەدرا، بەڵام دواتر کە بەخێرایی فراوانبوو هێزە شیعەکانی تووشی شڵەژانکرد، ئەوەش وایکرد خۆپیشاندەران بە "گەندەڵی وملکەچی بۆدەرەوە" تۆمەتبار بکەن، دواتر خوپیشاندەران حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی وهەوپەیمانەکانی بە "حکومەتی نیشانەشکێن"وەسف کرد.

جوڵانەوەکە سەرکەوتوو بوو لەڕووخاندنی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی و  حکومەتەێکی نوێ بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی پێکهێنرا، بەڵام خۆپیشاندانەکان لە بەغدا وژمارەیەک لە شارەکانی باشوور بە تایبەتی ناسریە بەردەوام بوون بە ئامانجی فشارخستنە سەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پەیوەست بە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان وبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دادگاییکردنی ئەوانەی تێوەگلاون لە کوشتنی خۆپیشاندەران.

ئامارە ناڕاستەکانی حکومەت
لە 30ی تەممووزی 2020، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە بارەگای حکومەت بەڕێوەچوو، هیشام داود، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی پێشوو مستەفا کازمی، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند وتی:" 560 کەس، لەنێویاندا 18 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون".

چالاکوانانی خۆپیشاندانەکاندا گۆمانیان لە ژمارەی قوربانییەکان هەبوو کە لەلایەن حکومەتەوە ڕاگەیەندرابوو. بەڵگەنامەکان ئەوەیان نیشانداوە کە جیاوازیەکی زۆرهەیە لە نێوان ئەو ژمارەیەی کە حکومەت ڕایگەیاندووە وئەو ژمارەیەی کە بە فەرمی تۆمارکراون لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و وەزارەتی تەندروستی کە پشت دەبەستن بە بڕوانامەی مردن کە بۆ بنەماڵەی قوربانییەکان دەرچووە، لەکاتێکدا بەشێک لە قوربانییەکان مردنەکانیان دیکۆمێنت نەکراوە.  

بەڵگەنامەکان کە لە سەرەتای ئۆکتۆبەری 2019دا تا 9ی ئازاری 2021 بڵاوکراونەتەوە، کوشتنی 573 خۆپیشاندەر لە 12 پارێزگا ئەژمارکردووە ( 287 لە بەغدا، 121 لە زیقار، 41 لە بەسرە، 39 لەنەجەف، 25 لە مەیسان، 20 خۆپیشاندەر لەدیوانیە و 40 لە دیالە، واسیت، بابل، کەربەلا وسلێمانی).

سەرەڕای ئەوەش، 17 ئەندامی دەزگا ئەمنییەکان لە بەسرە، زیقار، دیوانیە و بەغدای پایتەخت کوژران.

هەروەها بەڵگەنامەکان تیرۆرکردنی 34 خۆپیشاندەر لە دەرەوەی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان ئاشکرا کردووە، 29یان لە بەغدا ومەیسان وزیقار وبەسرە و ئەوانی دیکە لە واسیت ودیوانیە و کەربەلا، لەنێویاندا ڕۆژنامەنووس (ئەحمەد عەبدولسەمەد) وفۆتۆگرافەرەکەی (سەفا غالی) کە لە 10ی کانوونی دووەمی 2020 لە بەسرە تیرۆرکران.

پێش تیرۆرکردنی، ڕۆژنامەنووس ئەحمەد عەبدولسەمەد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا باس لەو هەڕەشانە کرد کە لەلایەن میلیشیاکانەوە پێی گەیشتوون بەهۆی ڕەخنەگرتنی لەو گروپ ولایەنانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

عەبدولسەمەد لەوکاتەدا وتی:" هەڕەشەی شاراوەی لێکراوە بەهۆی تێپەڕاندنی "هێڵە سوورەکانی پەیوەست بە ئێران ومیلیشیا چەکدارەکان ولایەنەکان".

بەپێی ئامارەکان، 26 خۆپیشاندەر لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاریان بووە لە پارێزگاکانی مەیسان، زیقار، بەغدا وبابل.
بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە زۆربەی کوژراوەکان گولـله بەر سەریان کەوتووە،  ئەوەش ئاماژەیەکە کەمەبەستی تەقەرەکان تەنها کوشتنیان بووە نەک بڵاوە پێکردنیان بەپێی بەڵگەنامەکان لە سەرەتای ئۆکتوبەر 2019دا ژمارەی بریندارەکان گەیشتە (21هەزار و 108) خۆپیشاندەر، لە کاتێکدا ژمارەی بریندارەکانی هێزە ئەمنییەکان گەیشتە (4 هەزارو 766) کەس و ژمارەی دەستگیرکراوەکان ( 3 هەزار و 165) کەس بوو، کە هەندێکیان چەند مانگێکیان لە زینداندا بەسەر برد.

کۆمەڵەی"بریندارانی ئۆکتۆبەر" کە لەلایەن گروپێکی چالاکوانەوە بەڕێوەدەبرێت ڕایگەیاند:"( هەزار و 173)  خۆپیشاندەری بریندار بە کەمئەندامی هەمیشەیی تۆمارکراون".

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، ژمارەی خۆپیشاندەرە ونبووەکان وڕفێندراوەکان گەیشتە 76 کەس، کە دواتر 22 کەسیان ئازادکران، لە کاتێکدا چارەنووسی ئەوانی دیکە تا ئەمڕۆ بە دیار نەماوەی ماوەتەوە، لەوانە پارێزەر(عەلی چاسب) کەخەڵکی پارێزگای مەیسانە وسەجاد عێراقی، چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی ناسریە کە  لە ئێوارەی 20 ئەیلوولی 2020 وە بێسەرو شوێنە.

ئافرەتانیش لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بەدەرنەبوون لە کوشتن وئەشکەنجدان،  بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، چالاکوان (ریهام یەعقوب) لە 19ی ئابی 2020 لە تەمەنی 30 ساڵیدا لەلایەن چەکدارێکی دەمامکدارەوە تیرۆرکرا کە لە سەر ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەی لێکرد لە کاتێکدا کە ئەو لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدابوو لەشاری بەسرە. 18ژن برینداربوون و5 تریان ڕووبەڕووی هەوڵی کوشتن بوونەتەوە و5 دیکەش ڕفێندران پێش ئەوەی دواتر ئازاد بکرێن.

هاوکات چوار کارمەندی تیمی پزیشکی کە کاری تیمارکردن وڕزگارکردن و گواستنەوەی بریندارەکانیان دەکرد لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان لە 12 پارێزگای عێراق کوژران و 158 کەسی دیکەشیان برینداربوون.

9 دامەزراوەی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆرهێرشی کراوەتە سەر وسوتێنراون، لەنێویاندا کەناڵەکانی (شەرقیە، ڕەشید، دیجلە وئێن ئاڕ تی)، هەروەها بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 41 ڕۆژنامەنووس وڕاگەیەندکار ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە ودووچاری دەستگیرکردن ولێدان بوونەتەوە وهەندێکیان دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیراوە، لە کاتێکدا بە بۆمب هێرشکراوەتە سەرماڵی هەندێکیان، ئەم رەفتارانە وای لە زۆرێکیان کرد واز لە کارەکانیان بهێنن وبەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان یان دەرەوە عێراق هەڵبێن بۆ تورکیا وئەوروپا.

داپۆشینی تاوان
لە ناوەڕاستی ئازاری 2024، ڕێکخراوەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن زانیارییان دەربارەی ئازادکردنی تاوانباری سەرەکی کوشتنی شیکەرەوەی سیاسی هیشام هاشمی پێگەیشت، هاشمی لەلایەن کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ وئەندامی کەتیبەکانی حیزبوڵاوە تیرۆر کرا.

هەواڵی ئازادکردنی بکوژەکەی هاشمی بۆ چالاکوانانی ئۆکتۆبەر وداکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق سەرسوڕهێنەرنەبوو ئەوەش بە هۆی تەشەنەسەندنی هەژموون وکاریگەری ئەو گرووپە چەکدارانە لە ناو حکومەت ودەوڵەت و توانایان بۆ لەناوبردنی بەرهەڵستکارەکانیان و ڕەخنەگرانیان بەبێ ئەوەی بەرپرسیار بکرێن، وزۆرینەی زۆری قوربانیانی خۆپیشاندانەکان نەیانتوانیوە ئەوانەی تێوەگلاون لە کوشتنیان ڕاپێچی دادگاکانیان بکەن. 

سیستمێکی دادوەریی ئفلیج وبێ دەسەڵات
هەموو ئەوانەی تێوگلاون لە کوشتن ورفاندنی خوپیشاندەران بە ئازادی دەسوورێنەوە ورووبەرووی هیچ جۆرە سزایەکی یاسایی نەبووەنەتەوە، ئەم کێشەیە دووچاری کەسوکاری قوربانییەکان بووەتەوە کە سکاڵایان لە دادگاکان تۆمارکردووە، جا لە بەغدا بێت یان لە بەسرە. ئەمە لەلایەن (مورتەزا) برای خۆپیشاندەرە کوژراوەکەی(مستەفا عەبودی) پشتڕاستکرایەوە، کە پەنای برد بۆ دامەزراوە دادوەرییەکان بۆ دۆزینەوەی بکوژانی براکەی.

مورتەزا وتی:" خێزانەکەی لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2020دا، سکاڵایەکیان لە بنکەی پۆلیسی(سەورە) لە (ناسریە) ناوەندی 
پارێزگای زیقار تۆمارکرد دواتر سکاڵاکە خراوەتە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی زیقار، بەڵام دادگا بڕیارەکەی چەند جارێک دواخستووە لەسەر خواستی بەرپرسە دەست ڕۆشتووەکان لەبەغدا.

وتی:"دادگا کەیسەکەی دواخست بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵات". 
وئاشکرای کرد:" کە خێزانەکەی پەیامیان لە نوێنەرانی حیزبەکانەوە پێگەیشتووە بۆئەوەی دەستبەرداری سکاڵاکەیان بن، بەڵام خێزانەکە وەڵامی ئەو پەیام و داواکاریانەیان نەداوەتەوە."

بنەماڵەی سەجاد عێراقی، چالاکوانێکی دیکەی ناودار کە لە ئەیلوولی 2020 وە لە ناسریە بێسەروشوێن بووە، ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە بوونەتەوە لەلایەن کەسانێکەوە کە باوەڕ وایە دەستیان لە ڕفاندنی کوڕەکەیان هەیە ودڵنیان لەوەی کە ڕفێنەرەکان پەیوەندییان بەگروپە چەکدارەکانەوە هەیە. ئەو کەسانە چەندین جار پەیوەندییان بەخێزانەکەوە کردووە یان چوونەتە ماڵیان بۆ فشارخستنە سەریان بۆ ئەوەی دەستبەرداری کەیسەکەبن کە پەیوەستە بە دیارنەمانی سەجاد ئەلعێراقی.

رێکارە بەبێ ئەنجامەکان
کاتێک مستەفا کازمی لە ئایاری 2020 سەرۆکایەتی حکومەتی کاتی گرتە دەستە بوو بەجێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی، بەڵێنیدا لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران بکات، و لە 18ی ئۆکتۆبەری 2020، لیژنەیەکی پێکهێنا بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە 293 بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکان وئەوانەی بەرپرسن لە کوشتنی خۆپیشاندەران.

لیژنەکە لە 25 دادوەری خانەنشینکراو وئەندامانی دەزگای هەواڵگری وئاسایشی نیشتمانی پێکهاتبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی پێشوو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند:" لێکۆڵەرەوان لەو کاتەدا بوون بەدوو گرووپەوە، گرووپی یەکەم دەستیان کرد بە پۆلێنکردنی بەڵگەکان ئەوەی پەیوەستن بەکامێراکانی چاودێری و پەیوەندییە سەربازی وئەمنییەکان، لە کاتێکدا گرووپەکەی دیکە دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسان وکەسایەتییەکانی پێشووی حکومەت بەشێوەیەکی ڕانەگەیەنراو، بەمەبەستی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەربارەی ئەوەی ڕوویداوە".

سەرچاوەکە ئاماژە بەوەکرد، کە حکومەتی کازمی دەیویست لێکۆڵەرەوە نێودەوڵەتییەکان بەشداری لەم دۆسیەیەدا بکەن بۆدڵنیابوون لە سەربەخۆیی پرۆسەکە، بەڵام یاسای عێراقی ڕێگەی نەدا.

لە 28ی ئایاری 2021، لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ڕایگەیاند کە 22 ئەفسەر لە پلەی نەقیب بۆلیوا ونزیکەی 90 پۆلیس وسەرباز بانگهێشتکراون، کە هەندێکیان تۆمەتبارکراون بە کەیسەکانی کوشتن. 

لە 14ی شوباتی 2021، کازمی فەرمانی دا بە خێراکردنی ڕێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوە لەلایەن لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 293ی ساڵی 2020 بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە بەئامانجکردنی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر وجەختی لەوە کردەوە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان  ئاشکرا دەکرین وەک پابەندبوونێک بەبەرنامەی حکومەت وجێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە پێشر کازمی پێشکەشی کردووە بە خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەر".

دوای ساڵێک لە بەڵێنەکانی کازمی، لیژنەی لێکۆڵینەوە هیچ ئەنجامێکی ئاشکرا نەکرد. ئەمە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی کازمی وازی لە پۆستەکەی هێنا. سەرەڕای هەوڵی بەردەوام بۆ گەیشتن بە نووسینگە تایبەتەکەی بۆ ئەوەی بزانن لیژنەکە چی دۆزیوەتەوە، بەڵام ڕەتیان کردەوە هیچ لێدوانێک بدەن.

قەرەبووکردنەوەیەکی راگیراو
لەهەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا کە لە تەممووزی 2020 لەلایەن ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی پێشوو هیشام داود بەڕێوەچوو، کە تیایدا ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندەرانی ڕاگەیاند، وئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت بڕیارێکی دەرکردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی 10 ملیۆن دینار(7000 دۆلاری ئەمریکی).

عەلی بەیاتی، ئەندامی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، پێیوایە کێشەیەکی یاسایی هەیە لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لەسەر بنەمای یاسای قەرەبووکردنەوەی ژمارە 20 ی ساڵی 2009 کە قوربانیانی تیرۆریزم و قوربانیانی هەڵەی سەربازی دەگرێتەوە.

وتیشی:"حکومەت دووچاری کێشەی ئەوە بووەتەوە کە نەیتوانیوە ناوی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکان بە قوربانیانی تیرۆر بناسێنێت، چونکە ئەمە ناچاری دەکات بەدوای بکەرەکاندا بگەڕێت، لە کاتێکدا باس لەبوونی لایەنی سێیەم دەکات کە ئۆباڵی ئەوکوشتنانەی داوەتە پاڵ ئەو لایەنە".

بەگوێرەی بەیاتی،" ئەژمارکردنی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لە چوارچێوەی (هەڵە سەربازییەکاندا) مانای ئەوەیە کە مەیدانی خۆپیشاندانە ئاشتییەکان، مەیدانی جەنگ وئۆپەراسیۆنی سەربازی بوون، کە ئەوەش وادەکات دەزگا ئەمنییەکان بە ئەنجامدانی تاوان دژی هاوڵاتیانی سیڤیل تۆمەتباربکرێن".

بەپێی تێڕوانینی بەیاتی:"چارەسەرکردنی ئەو کێشە یاسایانە ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانە، کەدەتوانی یاسای قەرەبووکردنەوە هەمواربکاتەوە وپێداگری لەسەر پێکهێنانی دادگایەکی مافی مرۆڤ بۆ قوربانیانی خۆپیشاندانەکان بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەسەرکردە ئەمنییەکان وئەو بەرپرسانەی کە تۆمەتبارکراون بە دەرکردنی فەرمان تەقەکردن، لەسەر بنەمای یاسای کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ".

عەلی بەیاتی گاڵتە بەو تۆمەتانە دەکات کە دۆسیەکانی هەندێک لە قوربانییەکان ڕەوانەی(دەستەی لێپرسینەوە ودادگەری) کراوە بۆدڵنیابوون لەوەی کە ئایا سەر بە حیزبی بەعسی قەدەغەکراون یان نا، وتی: "زۆربەی خۆپیشاندەران تەمەنیان تەنها بیست ساڵە وهەرگیز ئاشنا نەبوون بە سەردەمی بەعس و ڕژێمەکەی کە لە ساڵی 2003 دا لە عێراق کۆتایی هاتووە".

راستییەکان دەربارەی بوونی لایەنی سییەم  
دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان بەگۆڕانی حکومەت کۆتایی هات، وتەبێژی سەربازی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، لێوا یەحیا ڕەسوڵ، کوشتن و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی گەڕاندووە بۆ شێوازی مامەڵەی نادرووستی هێزە ئەمنییەکان کە بەرپرسن لە پاراستنی گۆڕەپانەکان و خۆپیشاندەران کە بەهەڵە گازی فرمێسکڕژێن وبۆمبی دووکەڵ وتەقەمەنی زیندوویان بەکارهێناوە لە هەندێک حاڵەتدا".

وتەبێژە سەربازییەکە هاوڕا نەبوو لەگەڵ بۆچوونی بازنە سیاسی وئەمنییەکانی ناو حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی کە پێیانوایە لایەنی سێیەم لەپشت بەئامانجکردنی خۆپیشاندەرانەوەیە، رەسوڵ حکومەتەکەی عەبدولمەهدی بە بەرپرسیاردەزانێت لە کۆمەڵکوژییەکەی ناو گۆرەپانەکانی خۆپیشاندانەکان.

مەهدی ئامرلی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش وبەرگری ئەنجومەنی نوێنەران هاوڕایە لەگەڵ بۆچوونەکەی لیوا یەحیا رەسوڵ وئاماژە بەوە دەکات کە لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە سەبارەت بە ڕووداوە خوێناوییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە "ئەوەی ڕوویدا ئەنجامی کاردانەوەی بێ ڕێنمایی بوو لەلایەن هەندێک ئەفسەر و سەربازەوە بەهۆی ئەو فشارەی کە لەکاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا ڕووبەڕووی بوونەتەوە."

بەگوێرەی ئامرلی، شایەتییەکانی هەندێک لە ئەفسەرەکان وکارمەندەکان لەبەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوەدا "ئەوەیان سەلماندووە کە ژمارەیەک لە ئەفسەرەکان بە شێوەیەکی هەستیارەوە مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کردووە وتەقەیان لێکردوون بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرماندەیی باڵا یان فەرمانی سەربازیان پێبێت"  

بەڵام چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان وەک(حسێن غرابی)، نکۆڵی لەوە دەکەن کە ئامرلی دەیڵێت وجەخت دەکاتەوە لەسەر بوونی فەرمانی تەقەکردن لەلایەن حیزبە سیاسییەکان وگروپە چەکدارەکان، کە دەیانویست کوشتنەکە بەکاربهێنن بۆتۆقاندنی خۆپیشاندەران وکۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان بەهەرشێوەیەک بێت.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە لە 14ی نۆڤەمبەری 2019 بڵاوکرایەوە، وەزیری بەرگری پێشووی عێراق نەجاح حەسەن عەلی شەممەری، لایەنی  سێیەمی تۆمەتبارکرد بەکوشتنی خۆپیشاندەران ونکۆڵی لەوە کرد کە فەرمانی سەربازی دەرچوو بێت بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانەکان.

وەزیری بەرگری پێشووی عێراق بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019ی گەڕاندەوە بۆ بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕژێن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە سەری خۆپیشاندەران کردووە، جگە لەبوونی لایەنی سێیەم.

بکوژەکان حکومەت داڵدەیان دەدات
غەیس تەمیمی، نووسەر وسیاسەتمەدار لەو باوەڕەدایە کە دۆسیەی قوربانییەکانی ئۆکتۆبەر یەکێکە لەو دۆسیانەی کە دەبێتە هۆی ناکۆکی کۆمەڵایەتی لە داهاتوودا بەهۆی ئەوەی حکومەت وازی لە بەرپرسیارێتی خۆی هێناوە لە پاراستنی هاوڵاتیان ولێپرسینەوە لە بکوژەکان ناکات وبریندارە هەژارەکانیش بەدەست دۆخێکی سەختەوە دەناڵێنن.

ئەو دەڵێت: "گەنجانی ئۆکتۆبەر دژی ئەو سیاسەتە خۆپیشاندانیان کرد کە بووە هۆی تێکدانی وڵاتەکەیان وسامانەکەی بەفیڕۆدا وداوای ئەوەیان کرد کۆتایی بە گەندەڵی بهێنرێت ودەوڵەت هەژموونی خۆی بەسەر سەرچاوەکانی وڵاتدا بسەپێنێت ودەستێوەردانە بیانییەکان بنەبڕبکات، ئەمە یەکێکە لە گرنگترین پەیامەکانیان، بەڵام بە شێوەیەکی ترسناک لەبەردەم چاو وگوێی جیهاندا سەرکوتکران".

تەمیمی، سەرۆک وەزیران پێشوو عادل عەبدولمەهدی وسەرۆکی ئەو حکومەتانەی کە دوای ئەوهاتوون بەبەرپرسیار دەزانێت لەوەی کە بکوژەکان ئاشکرا ناکەن وقەرەبووی قوربانییەکان ناکەنەوە".

ئاماژەی بەوە شکرد:"سەدان بریندار کەمئەندابوون وپێویستیان بەدواداچوونی تەندروستی بەردەوام هەیە."

تەمیمی، ئاماژەی بەنەبوونی"بنکەی زانیاری" حکومەت کرد لەسەر قوربانییەکان وئاماژەی بەوەشکرد، کە حکومەت خۆی بەرپرسیارە لەوەی ڕێگە بەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نادات ژمارەی قوربانییەکان بژمێرن و"ئازادی تەواوی پێ نەداون بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان"، ئەمەش بووەتە هۆی نا ووردی وناڕاستی ئەو ژمارانەی کە ڕایدەگەیەنێت.

زۆربەی زۆری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر سەر بەپێکهاتەی شیعەن و زۆربەیان لە خێزانە هەژارەکانی باشوری عێراقن کەڕێژەی هەژاری لە هەندێک پارێزگادا لەم ساڵانەی دواییدا گەیشتووەتە 25٪، لە ئەنجامی گەندەڵی سیستماتیکی هێزە دەسەڵاتدارەکان، سەرەڕای ئەو سامانە نەوتە گەورەیەی لەوێ هەیە.

راودوونانی خۆپیشاندەران دوای کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوو، هەروەها کوشتن وڕفاندن وپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە حکومەتەکەی مستەفا کازمی بەردەوام بوو لە ئەنجامی لاوازی دەوڵەت لە لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە خوێنڕشتنەکەی ئۆکتۆبەر، تەمیمی حکومەت تۆمەتباردەکات بە "پاراستنی بکوژانی خۆپیشاندەران." بۆیە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستێوەردان بکەن بۆ ئەوەی بکوژەکان بەرپرسیاربکەن وچارەنووسی ونبووەکان ئاشکرا بکەن.

لەگەڵ ئەوەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر ئاگاداری ئەوەن کە مەحاڵە دەسەڵاتی دادوەری عێراق لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە تێوەگلاون لەکوشتنی خۆپیشاندەران کە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە پارێزراون، بەڵام بنەماڵەی پێنج لە قوربانییەکان سکاڵایەکیان لە دادگایەکی فەڕەنسا تۆمارکرد دژی سەرۆک وەزیرانی پێشووعادل عەبدولمەهدی بەتۆمەتی "ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی".

دوای زیاترلە چوار ساڵ لە خۆپیشاندانەکانیان، کە لە 12 پارێزگای هەژارنشینی عێراق دژ بە گەندەڵی دەسەڵاتدارانی عێراق پەرپابوو، نائومێدی لەنێو زۆرێک لە چالاکوانانی ئۆکتۆبەر درووست کردووە لە ئەنجامی شکستی جۆڵانەوەکەیان لەبەدیهێنانی ئەو"ڕیفۆرم و گۆڕانکارییە"ی کە داوایان دەکرد بەهۆی لاوازی سیستمی دادوەری کە نەیتوانی لێپرسینەوە لە بکوژەکان وگەندەڵکاران بکات.

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان کە (عەلی عەباس)ه وتەمەنی لە ناوەڕاستی سییەکاندایە، سەیری مۆنۆمێنتی ئازادی دەکات لە ناوەندی بەغدا، وتی: "لێرە و لەوێ چادرەکانمان هەڵدابوو، چەند مانگێک لێرە ماینەوە وململانیمان لەگەڵ مردندا دەکرد بۆژیانێکی باشتر. لەهەموو گۆشەیەکی ئەم شوێنەدا خوێن ڕژاوە...  ئەو ڕۆژانە لەبیرناکرێن... چیرۆکی قوربانیدان بۆچەندین ساڵ دەگێڕدرێتەوە."
ئەم بەدواداچوونە لەلایەن تۆڕی"نێریج" لە چوارچێوەی پڕۆژەی" قەریب" ئەنجامدراوە. #Qaribmedia


PM:10:35:03/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت