تره‌مپ بۆمبه‌كه ده‌ته‌قێنێته‌وه: روسیا له‌سه‌ر حه‌قه
وێستگه‌نیوز-
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا و كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی، رایده‌گه‌یه‌نێت كه روسیا راست ده‌كات و له‌سه‌ر حه‌قه و پێویسته ئۆكرانیا نه‌چێته ناو په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ).
ڤلۆدیمێر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا كه دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له سه‌ره‌تای له‌شكركێشی روسیا بۆ سه‌ر خاكه‌كه‌ی، به مه‌لایین دۆلاری له ئه‌مریكا وه‌رگرتووه، هه‌میشه نیگه‌ران بووه له ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا بۆ كۆشكی سپی.
به‌ڵام دوایین لێدوانی تره‌مپ دۆخه‌كه خراپتر ده‌كات، تره‌مپ به روون و ئاشكرا و به جۆرێك كه هیچ گومانێك هه‌ڵناگرێت، هه‌ڵوێستی رازینه‌بوونی خۆی به هاتنی ئۆكرانیا بۆ نێو هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی ناتۆ پشتڕاستكرده‌وه.
له چاوپێكه‌وتنێكی له به‌رنامه‌ی All In podcast كه ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه په‌خشكرا، كاندیدی كۆمارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی مانگی تشرینی دووه‌می داهاتوو، به تووندی پێداگری كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بایدن راست نییه و به هه‌ڵه‌دا چووه، كاتێك باس له‌وه ده‌كات داهاتووی ئۆكرانیا له ناو ناتۆدایه.
تره‌مپ پێیوایه هه‌مو ئه‌و قسانه‌ی نه‌یاره‌كه‌ی، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌یانكات هه‌ڵه‌ن، له‌وانه‌ش پرسی هاتنه ناوه‌وه‌ی ئۆكرانیایه بۆ ناتۆ و ده‌ڵێت: "به رای من هه‌موو ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێت، پێویسته پێچه‌وانه‌كه‌ی بووترێت".
هاوكات تره‌مپ پێیوایه نیگه‌رانییه‌كه‌ی روسیا سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری جێگیركردنی هێزه‌كانی ناتۆ له نزیك سنووره‌كان، نیگه‌رانی دروسته و شایه‌نی لێكتێگه‌یشتنه و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر من له جێی روس بم، ئه‌وا هه‌رگیز دڵخۆش نه‌ده‌بووم و ئه‌م پرسه‌ش هه‌رگیز بابه‌تێك نییه بۆ ئه‌وه‌ی دانوستانی له‌سه‌ر بكرێت". وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هاتنی ئۆكرانیا بۆ نێو هاوپه‌یمانی ناتۆ.
پێش چه‌ند رۆژێكی كه‌م له‌مه‌وبه‌ر، تره‌مپ سوكایه‌تی به زیلینسكی كرد و وتی: "لێهاتووترین مه‌ندووبی فرۆشتنه له جیهاندا"، چونكه ملیاران دۆلار له واشنتۆن وه‌رده‌گرێت و تێرناخوات و هه‌میشه داوای زیاتر ده‌كات. ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی ئه‌مریكا كه له مانگی شوباتی 2022وه، وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ شه‌ڕی دژ به هێزه‌كانی روسیا، به‌خشیویه‌ته‌ی به ئۆكرانیا.
ئه‌و ره‌خنانه‌ی تره‌مپ، له دوای هه‌فته‌یه‌ك دێت له‌و رێكه‌وتنه ئه‌منییه دوورمه‌ودایه‌ی بایدن له‌گه‌ڵ كیێڤ واژۆی كردووه و دوای ئه‌وه دێت كه كۆنگرێس له مانگی نیسانی رابردوو، ره‌زامه‌ندی نیشاندا به ناردنی هاوكاری بۆ ئۆكرانیا به بڕی زیاتر له 60 ملیار دۆلار.
PM:04:58:21/06/2024
ئه‌م بابه‌ته 1508
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت