حه‌سه‌ن نه‌سروڵا له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌ره‌نتینا‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی حزبوڵا


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌28ی ئه‌یلولی 2028، به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كۆتایی به‌ كاروانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا هات، دوای ئه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند له‌ بۆردومانه‌كه‌ی شه‌وی هه‌ینیدا، سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ كوشتنی ئه‌مینداری گشتی حزبوڵا.


كاتێك له‌ ئه‌نجامی هێرشێكی ئیسرائیلدا، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئامێره‌كانی په‌یجه‌ر، هه‌زاران كه‌س برینداربوون و ده‌یان ئه‌ندامی حزبوڵا كوژران، سه‌ركرده‌ مشتومڕاوییه‌كه‌ی لوبنان، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر "دوا قه‌سه‌ی" خۆی كرد.

نه‌سروڵا له‌ وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی په‌یجه‌ریان كرده‌ ئامانج. له‌ وتارێكیدا كه‌ رۆژی 19ی ئه‌یلولی رابردوو پێشكه‌شی كرد، به‌ڵێنیدا سزای ئیسرائیل ده‌دات وتی: "رۆژی لێپرسینه‌وه‌ دێت، قه‌باره‌كه‌ی و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی و له‌ كوێ، ئه‌مه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ لای خۆمان ده‌مێنێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت لای بچووكترین بازنه‌ی ناوخۆمان ده‌مێنێته‌وه‌".

به‌ڵام نه‌سروڵا له‌و كاته‌دا، نه‌یده‌زانی و بێئاگابوو له‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی، دواهه‌مین هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌یكات.

نه‌سروڵا ساڵی 1992، له‌ ته‌مه‌نی 35 ساڵیدا، بووه‌ سكرتێری گشتی حزبوڵا و بووه‌ سیمبوله‌ هه‌ره‌ ناسراوه‌كه‌ی ئه‌و حیزبه‌ كه‌ سوپای پاسدارانی ئێران له‌ ساڵی 1982 بۆ دژایه‌تی ئیسرائیل دایمه‌زراند.

ئیسرائیل پێشتر له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی هه‌لیكۆپته‌ره‌وه‌وه‌، عه‌باس ئه‌لموسه‌وی سكرتێری گشتی حزبوڵای لوبنانی تیرۆركردبوو. سه‌روه‌ختێك چه‌كداره‌كانی حزبوڵا ده‌توانن له‌ ساڵی 200 هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌ باشوری لوبنان ده‌ربكه‌ن، نه‌سروڵا سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كه‌ بوو.
سه‌ركردایه‌تی نه‌سروڵا به‌وه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ی بریتییه‌ له‌ ململانێی حزبوڵا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، ته‌نانه‌ت حزبوڵا ساڵی 2006 شه‌ڕێكی 36 رۆژه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای ئیسرائیل ئه‌نجامدا.

ئه‌م شه‌ڕه‌ وایكرد نه‌سروڵا، بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی، له‌ جیهانی عه‌ره‌بی ناوبانگێكی گه‌وره‌ و جه‌ماوه‌رێكی زۆر به‌ده‌ستبێنێت. به‌ڵام زۆر به‌خێرایی له‌ لوبنان و جیهانی عه‌ره‌بی، بوو به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دابه‌شكه‌ر.

له‌گه‌ڵ فراوانبوونی ناوچه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی حزبوڵا، له‌ لوبنانه‌وه‌ بۆ سوریا و ده‌ره‌وه‌ی سوریا، رۆڵی ئێران به‌ جوانی روونبوه‌وه‌ كه‌ حزبوڵا بۆ ئامانجه‌ پاوانخوازییه‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌كارده‌هێنێت.

نه‌سروڵا به‌شداربوونی حزبه‌كه‌ی له‌ سوریا، وا وێناده‌كرد كه‌ هه‌ڵمه‌تێكه‌ دژ به‌ جیهادییه‌كان. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌یان له‌ حزبوڵا ده‌گرت، باسیان له‌وه‌ ده‌كرد ئه‌م حزبه‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ میلملانێ تائیفییه‌كه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌.

له‌ناوخۆی لوبنان، ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ له‌ نه‌سروڵا گیرا، سه‌ركێشییه‌ هه‌رێمییه‌كانی حزبوڵا، وایكردووه‌ لوبنان باجێگی گه‌وره‌ بدات و چه‌ندین وڵات رووی خۆیان له‌ لوبنان وه‌رگێڕاوه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و فاكته‌رانه‌ی وایكرد دارایی لوبنان له‌ ساڵی 2019 هه‌ره‌سبێنێت.

له‌ ساڵانی دوای شه‌ڕه‌كه‌ی ساڵی2006وه‌، نه‌سروڵا به‌رده‌وام له‌سه‌ر په‌تی ململانێیه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل یاریده‌كرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ستیكرد به‌ كۆكردنه‌وه‌ و عه‌مباركردنی موشه‌كه‌ ئێرانییه‌كان، گوایه‌ به‌وه‌ هاوسه‌نگی هێز ده‌پارێزێت و به‌رپه‌چی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌داته‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ری.

به‌رپابوونی شه‌ڕی غه‌ززه‌، به‌هۆی هێرشی چه‌كداره‌كانی حه‌ماس بۆ سه‌ر باشوری ئیسرائیل له‌ حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر، بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خراپترین جۆری ململانێی نێوان حزبوڵا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كه‌ تێیدا حزبوڵا زیانی گه‌وره‌ی لێكه‌وتووه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی كوژراون.

نه‌سروڵا له‌ وتارێكیدا له‌ یه‌كی ئابی رابردوو رایگه‌یاند: "ئێمه‌ باجی پشتگیریكردنمان له‌ به‌ره‌ی غه‌ززه‌ و گه‌لی فه‌له‌ستین و به‌رگریكردن له‌ دۆزی فه‌له‌ستین و پاراستنی شوێنه‌ پیرۆزه‌كان ده‌ده‌ین".

نه‌سروڵا له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌ره‌نتینا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژاره‌كانی بێروت گه‌وره‌ بووه‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌ی سه‌ر به‌ گوندی "بازۆریه‌"یه‌، ئه‌م گونده‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری لوبنان و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی شیعه‌یه‌ و له‌مڕۆدا باره‌گا و قه‌ڵای سیاسی حزبوڵا پێكده‌هێنێت.

نه‌سروڵا سه‌ر به‌و نه‌وه‌ گه‌نجه‌ی لوبنانه‌ كه‌ شۆڕشی ئێران له‌ ساڵی 1979، دید و تێڕوانییه‌ سیاسییه‌كه‌یان پێكده‌هێنێت. كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ی "هادی" له‌ شه‌ڕی ساڵی 1997 كوژرا، ئه‌م له‌ده‌ستدانه‌ پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ نێو شیعه‌كانی لوبناندا پێبه‌خشی.

حه‌سه‌ن نه‌سروڵا لیستێكی دوور و درێژی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ دوژمنه‌ به‌هێزه‌كان، دوای به‌رپابوونی شه‌ڕی غه‌ززه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی گرژی و ئاڵۆزییه‌كان، نه‌سروڵا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هۆشداری دایه‌ كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست و پێی وتن: "كه‌شتیگه‌له‌كه‌تان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن، به‌ باشی خۆمان بۆ ئه‌وانیش ئاماده‌كردووه‌".

سكرتێره‌كه‌ی حزبوڵا له‌ ساڵی 2020، دوای كوشتنی فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی قاسم سلێمانی، به‌هێرشێكی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی له‌ عێراق، به‌ڵێنیدا سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان، له‌ناو‌ تابوته‌كانیانه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵن.

له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی نه‌سروڵا، حزبوڵا له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانی له‌ ناوه‌وه‌ی لوبنان، به‌شه‌ڕهاتووه‌، نه‌سروڵا ساڵی 2008 حكومه‌تی لوبنانی به‌ راگه‌یاندنی شه‌ڕ تۆمه‌تبار كرد، به‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌وڵیدابوو تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی حزبوڵا قه‌ده‌غه‌ بكات و به‌ڵێنیدا ئه‌و ده‌سته‌ ده‌بڕێت كه‌ هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و تۆڕه‌ ده‌دات. ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بووه‌ هۆی به‌رپابوونی شه‌ڕێكی چوار رۆژه‌ له‌ نێوان حزبوڵا و چه‌كداره‌ سونه‌ و دروزه‌كان، له‌ ئه‌نجامدا گروپه‌ شیعه‌كه‌ توانی نیوه‌ی بێروتی پایته‌خت كۆنترۆڵ بكات.

نه‌سورڵا تا ساته‌وه‌ختی كوشتنی، به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی ره‌تیده‌كرده‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ تیرۆركردنی ره‌فیق حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی لوبنانه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ له‌ ساڵی 2005 تیرۆركرا، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی دادگایه‌ك كه‌ له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ پشتگیری لێده‌كرێت، له‌ مه‌سه‌له‌ی تیرۆركردنی حه‌ریریدا، تۆمه‌تی ئاراسته‌ی چوار ئه‌ندامی حزبوڵای كرد.


PM:03:40:28/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت