پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکاتەوە؛ چوار یاسا خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ دەکرێت


وێستگەنیوز-

دوای تەواوبوونی پشووی یاسادانان، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە وەرزی نوێدا ساز بکات و چوار پێشنیازە یاسای گرنگ بخاتە بەرنامەی کارەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەمموزی 2026، کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ، پەرلەمانی عێراق دوای 30رۆژ لە پشووی یاسادانان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات. بەپێی کارنامەی راگەیەندراو، کۆبوونەوەکە چوار تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پێشنیازە یاسایەک دەکات.

تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بەم شێوەیەن:

یەکەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازە یاسای تاوانەکانی تەکنۆلۆژیای زانیاری (سایبەر)، کە لەلایەن لیژنەکانی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی یاساییەوە ئامادەکراوە و لە 32 ماددە پێکهاتووە.

دووەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارکردنی یاسای چاودێریکردنی نەوجەوانان ژمارە 78ی ساڵی 1980، کە 26 ماددە لەخۆدەگرێت.

سێیەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای هەموارکردنی یاسای "پارێزەرایەتی" ژمارە 173ی ساڵی 1965، کە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە پێشکەشکراوە.

چوارەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای دابینکردنی دارایی بە مەبەستی بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی عێراق، کە لە 8 ماددە پێکهاتووە.

جێی ئاماژەیە، پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانانی خولی شەشەمی پەرلەمان لە 28ی ئایاری رابردووەوە دەستیپێکردبوو، پاش تێپەڕبوونی 30رۆژ، لە ئەمڕۆوە جارێکی دیکە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکەنەوە.


AM:10:43:06/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو