کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق: تەنها چەک رادەستی ئیمام مەهدی دەکەین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، "چەک تەنها رادەستی (ئیمام مەهدی) دەکەن و ئەو گرووپانەی رێگەی رادەستکردنی چەکیان گرتووەتەبەر، بەشێک نەبوون لە مقاوەمەی ئیسلامی و چەندین ساڵە یەک بەردیشیان نەگرتووەتە ئەمریکا".


ئەبو موجاهید عەساف هۆشداریی داوەتە کەسانی پەیوەندیدار و راگەیاندنکاران لەوەی بکەونە داوی ئەمریکاوە، کە بە وتەی ئەو هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدات و داوا دەکات کە هۆشیار بن و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە لە دەست ئەمریکا بدەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رادەستکردنی چەک و دووبارە رێکخستنەوەی هێزەکان پرسێکی تایبەتە بە گرووپێک یان چەند گرووپێکی دیاریکراو، بەو مەرجەی کە رادەستکردنەکە بە شێوەیەکی کۆتایی بێت نەک هەموو دوو مانگ جارێک دووبارە بێتەوە وەک زەماوەندێکی کاتی بێت و ئەگەریش هەیە کەسانێک خواستێکی رەوایان هەبێت لەناو دەستەی حەشدی شەعبی لە رێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە دەستەکە".

ئەو هەڵوێستەی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، گرووپی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعە لە مەراسیمێکدا چەکەکانی رادەستی دەوڵەت کرد.


PM:08:11:04/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت