ئەمڕۆ یەکەم دادگاییکردنی عەجاج لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026، بڕیارە عەجاج تکریتی کە یەکێکە لە تاوانبارانی ئەنفال و بە "جەلادی ئەنفالکراوان" ناسراوە ببرێتە بەردەم دادگا و دادگایی بکرێت.


لەبارەیەوە ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی عەجاج کە یەکێکە لە تاوانبارانی ئەنفال بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە رەسافە دەوروبەری کاتژمێر 9:00ی بەیانیی بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "گرنگە نوێنەری قوربانیان ئامادەبن لە دانیشتنەکە بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەری قوربانیان لە چەمچەماڵ و دوز و گەرمیان و کۆیە و هەڵەبجە بانگهێشتی دادگاییەکە کراون".

ئەیاد کاکەیی وتی، "عەجاج کە بەڕێوەبەری زیندانی نوگرەسەلمان بووە دانی بە سەرجەم تاوانەکانیدا ناوە کە تاوانەکانی بریتییە لە ئەشکەنجەدان و برسیکردن و دەسترێژیکردنە سەر ژنان و چەندین تاوانی دیکە".

وتیشی، "ئومێدەوارین دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق هاوشێوەی بڕیارەکانی هەڵەبجە و بارزانی و ئەنفال بڕیار لەسەر عەجاج بدات و بە سزای خۆی بگات".

ئەیاد کاکەیی ئەوەشی خستەڕوو، "وردبینی تەواوەتی لە دۆسیەی عەجاجدا کراوە و دانی بە تاوانەکانیدا ناوە ئەمەش وایکردووە کارێکی وا نەمێنێتەوە بۆ دادگا و تەنها گوێ لە وتەی چەند سکاڵاکارێک بگرێت، بۆیە ئومێد دەکەین ئەمڕۆ دادگای بڕیاری کۆتایی بدات".

رۆژی 31ی تەموزی 2025 دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیەندرا کە بە "جەلادی ئەنفالکراوان" ناسراوە، ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە شەهیدکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەنا، لەو کاتەی کە بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بووە.


AM:08:33:07/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت