ئەندامێكی لیژنەی دارایی: مووچەی فەرمانبەران مەترسی لەسەر نییە


وێستگه‌نیوز_

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی عێراقى مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانى بەتەواوەتی دابین كردووە و مەترسی لەسەر نییە.

موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، حكومەتی عێراق هەموو ڕێكارە پێویستییەكانی گرتووەتەبەر، بۆ دابینكردنی مووچەی هەموو چین و توێژەكان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، مووچە لەكاتی خۆیدا بەبێ‌ دواكەووتن دابەش دەكرێت و ئەو حاڵەتی دواكەوتنانەی ڕوویاندا، هۆكارەكانی هونەری بوون و هیچ پەیوەندی بە بارودۆخی گشتی داراییەوە نەبووە.

بەپێی قسەكانی موعین كازمی، حكومەتی عێراق دۆسیەی مووچەى لە پێشینەی كارەكانی داناوه، چونكە پرسی بژێوی ژیانە و پەیوەندی به چەندین ملیۆن خێزانی عێراقییەكانەوە هەیە.

پێشتر د.نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابووری عێراقی بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند،  بەهۆی زیادبوونێكی زۆر لە خەرجییە گشتییەكان و پاشەكشەیەكی بەرچاو لە داهاتی نەوت، كە لە 90% داهاتە گشتییەكانی عێراق پێكدەهێنێت، كورتهێنانێكی دارایی گەورە هەیە. 

بە وتەی مەرسومی، کورتهێنانەکە بە جۆرێکە لە بودجەی عێراقدا و تاوەکو مانگی 6ـی 2025، گەیشتووەتە زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار.


PM:02:51:07/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو