لە عێراق مانگانە 55 بۆ 70 كەس خۆیان دەكوژن


وێستگەنیوز_

بەپێی ئامارێکی میدیا عێراقییەکان، مانگانە 55 بۆ 70 كەس لە عیراقدا خۆیان دەكوژن؛ و پارێزگای نەینەوا زۆرترین حاڵەتی خۆكوشتنی تێدایە. هاوکات، گروپێک پەیدابوون کە بە تیروپشک خۆیان دەکوژن.

ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2024، پۆلیسی پارێزگای نەینەوا ئامارێكی بڵاو كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە  "لەم ساڵدا 74 کەس لەو پارێزگایە خۆیان کوشتووە."

هەروەها لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵی 2024، 300 حاڵەتی خۆكوشتن لە پارێزگاكانی عێراق بە کۆی گشتی تۆمار كراون، بەم پێیەش لە هەر مانگێکدا 55 بۆ 70 كەس خۆیان دەكوژن. 

ئاماژە بەوەشكراوە، لەساڵی 2023ـدا، 700 حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە. هۆکارەکانیش بەشی هەرە زۆرییان بوونی گوشارێکی قورسی ئابوورییە لەسەر ئەو کەسانەی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، بەشێکی دیکەشیان بۆ بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و هەندێک کاتیش نەخۆشی یاخود كێشەی 'کاتی' دەروونی دەگەرێتەوە. 

لە ئێستادا، ئامارەكان لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازە، پۆلیسی نەینەوا ڕایگەیاندووە: "پارێزگای نەینەوا، زۆرترین حاڵەتی خۆكوشتنی تێدایە." 

دەوترێت: سەرباری هەموو کێشەکانی گەنجان و هاوڵاتیانی عێراقی، لە ئێستادا  گروپێک لە عێراق پەیدا بووە بەناوی 'قوربانیان' کە بە تیروپشک خۆیان دەکوژن و زۆرجاریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێن.

بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ساڵانە 800 هەزار كەس لە سەرتاسەری جیهاندا خۆیان دەکوژن؛ و خۆكوشتن لە جیهاندا چوارەم هۆی مردنە، ئەوانەش کە خۆیان دەكوژن تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 29 ساڵانە.


AM:09:07:18/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت