نێچیرڤان بارزانی: هیچ لایه‌نێك به‌ ته‌نیا له‌ عیراق ناتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت

‌نێچیرڤان بارزانی

وێستگه‌ نیوز ـ
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر ده‌نگیدا و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵبژاردنێكی گرنگه‌ بۆ عیراق و داوای له‌ هاوڵاتییان كرد به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ بڕۆنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان.


دوای بەشداریكردنی لە پرۆسەی دەنگدانی لە یەكێك لە بنكەكانی دەنگدان لە ھەولێر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حكومەتی نوێی عیراق بەبێ كورد سەركەوتوونابێت و ھیچ لایەنێك بە تەنیا ناتوانێت حكومەت پێك بێنێت.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، داواشی لە دەنگدەران كرد كە بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن، چونكە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ئایندەی كوردستان گرنگ و مێژووییە. ھیواشی خواست كە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كورەدستان و عیراق.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "پێكھێنانی حكومەتی زۆرینەی عیراق لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێك نییە و بەبێ كوردیش حكومەتی عیراق سەركەوتوو نابێت".

راشیگەیاند: "ھیوادارین دوای قۆناخی ھەڵبژاردن لە رێگەی دانووستان سەرجەم ئەو كێشانە لەنێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن".

لەبارەی سستی پرۆسەی دەنگدان نێچیرڤان بارزانی وتی: "سیستمەكە نوێیە و پرۆسەكە بە ھێواشی بەڕێوە دەچێت، ھیوادارین كۆمسیۆن ھەموو ھەوڵێك بدات بۆ ئەوەی سەرجەم دەنگدەران بتوانن دەنگبدەن".

لەبارەی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەلایەن كورد وتی: "كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا كێشەی گەلی كوردستانە، كە بریتین لە ماددەی 140 و چۆنیەتی دابەشكردنی داھاتە، دەبێ لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكەینەوە، ھەروەھا كورد ھەقی خۆمانە یەكێك لە پۆستە سیادییەكان لە عیراق وەربگرین، كە ئێمە پۆستی سەرۆك كۆمار بە مافی خۆمان دەزانین، بەڵام گرنگ ئەوەیە وەك كورد بە یەكگرتووی بچینەوە بەغدا، ئەگەر بە پەرتەوازەوە بگەڕێینەوە بەغدا ناتوانین ھیچ بۆ گەلەكەمان بە دەست بێنین".

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "دوای ئەوەی كە دەستووری نوێی عیراق نووسراوە، ئێمە وامانزانی دەچینە قۆناخێكی دیكە و كێشەكان چارەسەر دەكرێن، بەڵام وادەرنەچوو، ھیواخوازین ئەمجارە كێشەكان چارەسەربكرێن، ئێمەش بەو نیازە بەشداریمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق كردووە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ھەر كەسێك ببێتە سەرۆك وەزیرانی عیراق، دەبێ ئێمە وەك كورد پێكەوە داواكانی بخەینە پێش و كار لەسەر جێبەجێكردنی مافەكانی گەلی كورد بكەین".

هــ. ر


AM:07:45:12/05/2018


ئه‌م بابه‌ته 4411 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو