قوباد تاڵەبانی: نێچیرڤان بارزانی سەرکردەیەکی نێودەوڵەتییە و هەمیشە بژاردەی گفتوگۆی لا پەسەندە


وێستگەنیوز-

ئەمشەو چوارشەممە 8ی تەمووزی 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی مەدالیایەکی نێودەوڵەتی ئەستێرەی ئیتاڵیا و رایگەیاند، کە ئەو هەمیشە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگەی لێکتێگەیشتنەوە دەکات.


لە پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە: "پیرۆزبایی لە برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم بەبۆنەی وەرگرتنی مەدالیای رێزلێنانی (ئەستێرەی ئیتاڵیا) بە پلەی سوارچاکی خاچی مەزن"، راشیگەیاندووە کە نێچیرڤان بارزانی سەرکردەیەکی نێودەوڵەتی و خاوەن دیدگایە.

جێگری سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەو و هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە نێچیرڤان بارزانی دەناسن، شاهیدی بۆ ئەوە دەدەن کە ناوبراو هەمیشە هەوڵ دەدات کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکات.

هەر لە پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی باسی لە گرنگی ئەم دیدگایە کردووە و رایگەیاندووە: "ئەم شێوازە لە سیاسەتکردن بۆ کوردستان، عێراق و ناوچەکە کە ئێستا پڕە لە ململانێ و ناکۆکیی توند و ناپێویست، زۆر گرنگ و پێویستە".


PM:10:56:08/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت