ماکرۆن لە دیمەشق: ئێمە هاوبەشێکین جێی متمانەی سووریاین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەمووزی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ سوریا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دیمەشق جەختی لە قوڵیی پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و دیمەشق کردەوە و رایگەیاند، "چیرۆکی نێوان سووریا و فەرەنسا چیرۆکێکی متمانەیە کە لە ئێمە گەورەترە".


ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، کە فەرەنسا وەک هاوبەشێکی جێی متمانە جێگیر و پێشبینیکراو لە تەنیشت گەلی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی دەوەستێت، وتیشی: "هیچ شتێک ناتوانێت خواستی سوورییەکان بۆ ژیان لە وڵاتێکدا کە خاوەنی سەروەری و ئاسایشی تەواو بێت، لاواز بکات".

سەبارەت بە رێکارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان، سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی یەکەم لایەن بووە کە سزاکانی لەسەر سووریا هەڵگرتووە، جەختیشی کردەوە کە پلانگەلی دیکە لە ئارادان بۆ بەردەوامبوونی هاوکاری و کارکردن لەگەڵ دیمەشق لە قۆناغی داهاتوودا.

ماکرۆن باسی لەوەش کرد، هەرچەندە چەندین ئاڵانگاری لەبەردەم وڵاتی سووریادان، بەڵام هاوکات دەرفەتی زۆر هەن بۆ ئەوەی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لەو وڵاتەدا کار بکەن، دووپاتیشی کردەوە کە فەرەنسا لە پاڵ گەلی سووریا و بەرژەوەندییەکانیاندا دەوەستێت و بە هیچ جۆرێک دەستبەرداریان نابێت.

ئەم لێدوانانەی ماکرۆن دوای ئەوە دێت کە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی سووریا لە دیمەشق کۆتایی هات و رایگەیاند کە سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.



PM:02:47:07/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت