ئەمڕۆ د. عەبدوللەتیف ئەحمەد لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوکەوە گەیشتە وڵاتی تورکیا


وێستگەنیوز-

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەمووزی 2026، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوکەوە خاکی عێراقی بەرەو وڵاتی تورکیا جێهێشت، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە دەرچوونی بڕیاری دوورخستنەوەی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوەیە.

بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، د. عەبدوللەتیف لە کاتی گەشتەکەیدا لەگەڵ دوو هاوڕێی لە نێو فڕۆکەکەدا بینراون کە پێکەوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون، ئەم گەشتە لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە دوایین پەیامیدا کە رۆژی 5ی تەمووز بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاری داوە بۆ ماوەیەک پشوو بدات و وتار پێشکەش نەکات.

د. عەبدوللەتیف ئەحمەد باسی لەوەش کردووە، ئەم دوورکەوتنەوەیەی کاتی دەبێت تا ئەو کاتەی لە رێگەی دادگاوە و بەپشتیوانی خوای گەورە، هەموو مافە یاسایی و شەرعییەکانی خۆی وەردەگرێتەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، لە رۆژی 1ی تەمووزی 2026، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی فەرمی بۆ دوورخستنەوەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد دەرکردبوو.


PM:01:33:07/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت