رێککەوتنێکی نوێی تەندروستی هەرێم لەگەڵ بەغدا ژیانی چارەخوازانی گورچیلە دەخاتە مەترسییەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەمووزی 2026، ژمارەیەک لە چارەخوازانی چاندنی گورچیلە و خانەوادەکانیان لە شاری سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە رێکارە نوێیەکانی وەزارەتی تەندروستی دەربڕی، کە بە وتەی ئەوان ژیانی سەدان نەخۆشی خستووەتە مەترسییەوە.
بەپێی زنیارییەکانی وێستگەنیوز، کێشەکە لەوەوە دەستی پێکردووە کە بەپێی رێککەوتنێکی نوێی نێوان وەزارەتی تەندروستی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کە لە 31ی ئازاری 2026ـەوە چوووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەسەڵاتی لیژنە پزیشکییەکانی هەرێم دراوەتە دەست بەغدا، بەپێی ئەم رێکارە، هەر نەخۆشێکی کورد کە بیەوێت گورچیلە لە بەخشەرێکی عەرەب وەربگرێت، دەبێت رەزامەندی لە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغدا وەربگرێت.
خانەوادەی یەکێک لە نەخۆشەکان لە کاتی گردبوونەوەکەدا رایگەیاند: "کاتێک دەچینە بەغدا، لیژنەکە تەنها سەیری رەگەزی نەتەوەییەمان دەکەن، هەر کە دەزانن وەرگرەکە کوردە و بەخشەرەکە عەرەبە، یەکسەر مامەڵەکە رەفز دەکەنەوە، دواتریش کۆمەڵێک دەڵاڵ لە بەردەم دەرگاکان داوای سێ ملیۆن دینار دەکەن بۆ ئەوەی کێشەکەمان بۆ حەل بکەن، بەڵام کاتێک بەو پارەیە مامەڵەکە تەواو دەکەین و دەگەڕێینەوە هەولێر، لێرە پێمان دەڵێن ئەو نووسراوەی بەغدا تەزویرە و کاری پێ ناکرێت".
نەخۆشەکان رەخنەی توند لە وەزیری تەندروستی هەرێم دەگرن و دەڵێن، بەهۆی چاوپۆشیکردن و واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە، دەسەڵاتی لیژنەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک نەماوە و نەخۆشەکان کەوتوونەتە دەست مافیای دەڵاڵەکان لە بەغدا.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستییان، چارەخوازان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامبوون لەسەر شۆردنی گورچیلە (غەسل) دەبێتە هۆی گەورەبوونی دڵ و تەسکبوونەوەی دەمارەکان، ئەمەش دواتر وادەکات نەشتەرگەری چاندنی گورچیلەیان بۆ ئەنجام نەدرێت، نەخۆشەکان دەڵێن پرۆسەی غەسل زۆر ماندووکەرە و هەفتانە سێ جار و هەرجارەی سێ سەعات دەخایەنێت، کە دوای هەر جارێکیش نەخۆشەکە بۆ ماوەی 12 سەعات لەباری ئاسایی خۆیدا نییە.
عومەر ئەحمەد، پەیامنێری وێستگەنیوز لە شوێنی گردبوونەوەکە رایگەیاند، داواکاری سەرەکی ئەم هاوڵاتییانە ئەوەیە کە وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەم رێککەوتنەدا بچێتەوە و رێکارەکان ئاسان بکات، تاوەکو چیتر رەگەزی بەخشەر و وەرگر نەبێتە بەربەست لەبەردەم رزگارکردنی ژیانیان.
PM:01:10:07/07/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت